پارتی لەسەر د. یوسف محەمەد داوای روونکردنەوە لە یەکێتی دەکات

پارتی داوای روونکردنەوە لە یەکێتی دەکات کە پرسی راپرسیان بە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان د. یوسف محەمەدەوە گێرداوە کە پێشتر ئەوان بە پێچەوانەوەی ئەوەوە رێککەوتنیان کردووە.

ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاندووە وەفدێکی یەکێتی ئەم هەفتەیە سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ پارتی کۆدەبێتەوە.

 (ئاراس حەسۆ میرخان) ئەندامی سەركردایەتی پارتی رایگەیاند " بڕیاروایە ئەم هەفتەیە وەفدێکی یەكێتی سەردانی پارتی بكات و پێكەوە كۆببنەوە، چونكە لە كاتی خۆی، ئەوان و یەكێتی لەسەر گشتپرسی كۆبوونەتەوەو ڕێككەوتبوون، كەچی ئێستا لە ڕێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان یەكێك لە بەندەكان گشتپرسی گرێدراوە بە گەڕانەوەی (موحەمەد یوسف) بۆ ئەوەش دەبێت یەكێتی لە كاتی كۆبوونەوەكە ڕوونكردنەوە بدات". 

میرخان وتیشی" ئەگەر ئەوان لەگەڵ یەكێتی گەیشتنە ئەوەی كە دەبێت لە كوردستان گشتپرسی بكرێت، دەتوانن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش دابنیشن و بگەنە ڕێككەوتن، چونكە زۆربەی زۆری لایەنەكانی دیكە هەڵوێستیان دیارەو لەگەڵ گشتپرسی دان". 

لەدوای رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی لە ٥/١٧ ەوە تا ئێستا یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەی ئاشکراو فەرمیان ئەنجامنەداوە. 




PM:12:24:29/05/2016