کادیرێکی یەکێتی: بەشێکی زۆری مەکتەبی سیاسی ٣٥ ساڵە لەو پۆستەدان و شەرم ناکەن

کادیرێکی دیاری یەکێتی دەڵێت" سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی سێ ساڵە شەرعیەتی كۆنگرەیان نەماوە . بەشێكی زۆری مەكتەبی سیاسی زیاتر لە 35 ساڵە لە ترۆپكی ئۆرگانی ئەم حزبەن, تەمەنیان بكەی بە سێ بەش دووبەشی لە سەركردایەتی بوونە ".

شادمان مەلا حەسەن بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە نووسینێک بەناونیشانی "سێ سەرنج لە یادی یەكێتی"، دەڵێت" سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی سێ ساڵە شەرعیەتی كۆنگرەیان نەماوە . بەشێكی زۆری مەكتەبی سیاسی زیاتر لە 35 ساڵە لە ترۆپكی ئۆرگانی ئەم حزبەن, تەمەنیان بكەی بە سێ بەش دووبەشی لە سەركردایەتی بوونە . نازانم تێر نەبوون شەرم نایانگرێ واز ناهێنن . بۆیە هەق بوو سەركردایەتی یەكێتی ئەوانەی یەك تۆز جورئەتی شۆڕشگێڕیان تێدا بوایە دەبوایە لەم یادە دەست لە كار بكێشنەوە .دان بەوە بنێن كە شەرعیەتیان نەماوە هەقە كۆنگرە ببەسترێ .بەلام پارە و پولی بەلوشیات و رۆژانە گرتنی مایك بۆ قسەی سواوە زۆرە .بۆیە دەستیان لێ بەرنابێ تا نەخرێنە گۆڕەوە واز ناهێنن".

شادمان مەلا حەسەن دەشڵێت" یەكێتی لەسەرەتاوە لە چایخانە و لە پەنا بەردو خانووی قوڕی جوتیاران دەستی بەخەبات و شۆڕش كردن كرد .مام جەلال هەمیشە دەیگوت یەكێتی حزبی رەنجدەرانی بیر و بازوە . حزبی ئەوانەیە كە تێدا ماندوو دەبن و قوربانی دەدەن . هەمیشە دروشمی بەرەو خانووە قوڕەكان بوو . نەوەك بەسەدان هەزار دۆلار لە دیڤان خەرج بكرێ و خەلكی كوردستان یەك ساڵە پارەیان گەر بۆ لە بیرنەچوونە بردبێتە گیرفانیان . رۆژانە پێشمەرگەش لە سەنگەرەكان قوربانی بدات . یەكێتی ئەو رۆژە سوك بوو كە مام جەلال لە گۆڕەپان نەما و كرایە بەخششی مندالەكانی خۆیان". 

ئەو کادیرەی یەکێتی پێیوایە تاكە ئیشێك كە كرابێ لەماوەی دوو ساڵی رابردوو ئەو رێكەوتنەیە كە لەگەل گۆڕان كرا ."جا هەركەسێك كردبێتی دلنیام پالنەرەكەی ئەو هەموو گەندەلی و ترسنۆكیەی بەناو سەركردەكانیەتی كەوا لەبەردەم چاوی یەك كەسی پارتی جورئەتی ئەوە ناكەن بلێن رێكەوتنمان كردوە .یان پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی بۆ وا بە پەند برا". 

لە كۆتایی نووسینەکەیدا شادمان دەڵێت" بەهەموو ئەوانە دەلێم كە یەكێتین رەنجتان لەم حزبە داوە كەمێك شەرم و غیرەت با چەند ترسنۆك و پاشەل پیسێك ئەوەندە ئەم حزبە بۆ خۆیان قۆرخ نەكەن و بیكەن بە ئامرازێكی بازرگانی كردن .رۆژانە لە بازاڕ بازرگانی پێوە بكەن".



AM:09:48:01/06/2016