خشتەی كارەباو نرخی ئەمپێرێكی مۆلیدەی ئەهلی راگەیەنرا

لە كۆبونەوەی  نێوان قایمقامی سلێمانی و بەڕێوبەری كارەبای سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان، كرێی مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی ئایار و بەرنامەی كارەبای مانگی حوزەیران دیاری كرا.

سیروان محەمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ڕایگەیاند" لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا، نرخی یەك ئەمپێر كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ یەك كاتژمێر، بە 42 دینار بخەملێنرێت".

باسی لەوەشكرد:"گەر هەر مۆلیدەیەكی ئەهلی لە مانگی ئایاردا بۆ ماوەی 100 كاتژمێر كارەبای مۆلیدەی دابێت بە هاوڵاتیان، بۆ هەر ئەمپێرێك پێویستە 4 هەزار و 250 دیناری عێراقی وەربگرێت، ئەو نرخەش بەپێی زیاد و كەمی كاتی پێدانی كارەباكە گۆڕانی بەسەردا دێت".

ئاشكراشی كرد" بۆ مانگی ڕەمەزان ئامادەكاری تەواومان كردووە، بە خاوەن مۆلیدەكانیشمان ڕاگەیاندووە لە هەر كاتێكدا كارەبای نیشتیمانی ببڕێت پێویستی ئەوان دەست بەجێ كار بە مۆلیدەكانیان بكەن، بە تایبەت لە كاتی پارشێواندا نابێت هاوڵاتیان بێ كارەبا بن".

بەڕێوبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوبەرایەتی گشتی كارەبای جەختی لەوەشكردەوە" لە مانگی حوزەیراندا كارەبای نیشتیمانی گۆڕانی بەسەردا دێت، لە سەرەتای مانگەوە تا نزیكی 10ی مانگ پێشبینی دەكەین بتوانین( 14-16)كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بۆ هاوڵاتیان دابین بكەین، بەڵام ڕەنگە بۆ دواتر ئەو ڕێژەیە كەم بكات".

سەرچاوە: دوارۆژ



AM:11:49:03/06/2016