هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن لە پێشڕەوی بەئامانجی کۆنترۆڵکردنی شاری مینبەجی ستراتیژی.
بۆ رۆژی سێهەم هێرشی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بە پاڵپشتی فرۆکەکانی هاوپەیمانان و هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا بەرەو شاری مینبەج بەردەوامە و ئەمڕۆش چەندان شوێنی گرنگیان کۆنترۆڵکرد، لەوانە ناوەندەێکی راهێنانی داعش کە تایبەتە بە راهێنانی مناڵان.
هاوار نیوز ئاژانسی هەواڵی نزیک یەکینەکانی پاراستنی گەل بڵاویکردەوە ئەمڕۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی توانیان گوندی ( ئەلنعیمیە ) کۆنترۆڵبکەن کە لە قۆڵی بەنداوی تشرینەوە شەڕڤانان هێرشیان بۆ دەکرد کە دەکەوێتە ٩ کم لە رۆژئاوای رووباری فورات.
ئەنجومەنی سەربازی مینبەج کە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی دەکات فێرگەیەکی گرنگی داعشیان بەناوی فێرگەی بەغدادیەوە کۆنترۆڵکرد کە جێگای مەشقپێکردنی مناڵانی سەر بەداعشە.
هەردوو شاری جەرابلس و مینبەج دەکەونە باکوری شاری حەلەب و لەنێوان هەردوو شاری کوردی عفرین و کوبانیدان، بەدرێژایی ئەم ماوەیەی پێشوو تورکیا دژی نزیکبوونەوەی هێزەکانی یەپەگە بوو لەو ناوچانە چونکە مەترسی ئەوەی هەیە کورد هەردوو شاری کوبانێ و عفرین لەیەک بدات، بەڵام پاشئەوەی ئەمەریکا بێ ئومێد بوو لە کۆمەککردنی سەربازی هێزە میانڕەوەکانی سووریا، لەمانگی رابردووە بە ئاشکرا دەستی بە کۆمەککردن و مەشقپێکردنی هێزەکانی یەپەگە و هێزەکانی سووریای دیمکراسی کرد.