بارزانی: لەدەستدانی پرۆفیسۆر زەڵمی بۆ کوردستان و عێراق و جیهان، خەسارەتێکی گەورەیە

مەسعود بارزانی بە بۆنەی كۆچی دوایی زانای ناوداری کوردستان پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی، برووسكەی سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەکەی کرد.


دەقی برووسکەکە:
 بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان بنەماڵەی بەڕێزی پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی هەواڵی كۆچی دوایی بیرمەندی ناوداری کوردستان و جیهانی ئیسلامی و کەسایەتیی نیشتیمانپەروەری کوردستان، پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی خەمباری کردم.
دکتۆر مستەفا زەڵمی، وەک زانا و بیرمەندێکی بە ئەزموون و بە توانا، کەسایەتییەکی گەورە و بەناوبانگی جیهانی ئیسلامی بوو و وەک عەللامە و بیرمەندێکی گەورە پێگەیەکی گرینگی لە ناوەندە زانستی و ئایینییەکاندا هەبوو و بەرهەمەکانی دەگاتە زیاتر لە ٧٠ کتێبی چاپکراو و چاپ نەکراو کە هەندێکیان لە زانکۆکاندا بوونەتە مەنهەج و بۆچوونەکانیشی لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی جێگەی متمانە بوون.
 پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا لەسەر ئاستی کوردستانیش، ڕاوێژی شەرعی و یاسایی پێشکەشی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان کردووە و ڕۆڵێکی گرینگی لە هەموارکردنەوەی یاسای باری شارستانی و برەودان بە ڕەوتی میانڕۆی ئایینی و عەقڵانییەت و دژایەتیی بیری توندڕۆیی هەبوو و بەوەش خزمەتێکی گەورەی پێشکەشی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکرد و لەدەستدانی بۆ کوردستان و عێراق و جیهان، خەسارەتێکی گەورەیە.
لەم بۆنە خەمناکەدا لە دڵەوە سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و کەسوکار و خزمان و ئاشنایانتان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینیی کوردستان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم. لە خودای گەورە داواكارم گیانی پاکی دکتۆر مستەفا بباتە بەر ڕەحمەتی خۆی و دڵنەوایی و ئارامییش بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا لله و انا الیه راجعون
مسعود بارزانی ٤ـی ٦ـی ٢٠١٦



PM:02:46:04/06/2016