سوپای سوریای دیموكرات گەیشتە مینبج

سەرلەبەیانی ئەمڕۆهێزەكانی سوپای سوریای دیموكرات گەیشتنە دەروازەكانی شاری مینبج لە باشووری كۆبانێ لە كوردستانی رۆژئاوا.

هێزە هاوبەشەكەی كورد و عەرەب لەژێر ناوی سوپای سوریای دیموكرات بێ گوێدانە ئاگاداركردنەوە و هەڕەشەكانی توركیا، لە ئاوی فورات پەڕینەوە و ئێستاش گەیشتونەتە دەوروبەرو دەروازەكانی شاری مینبج یەكێك لە مۆڵگە گرنگ و ستراتیژییەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە سەرووی رەققەی پایتەختی رێكخراوەكە.

لەوبارەیەوە رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاندوە، هێزەكانی سوپای سوریای دیموكرات تەنها نزیكەی پێنج كیلۆمەتر لەناوی سەنتەری شاری مینبجەوە دوورن.

منبیج بایەخدارترین شوێنی نێوان شارە گەورەکانی تورکیا و سوریا و عێراقە، کەوتۆتە نێوان ٨٥ کیلۆمەتری حەڵەب ٤٥ کیلۆمەتری جەرابلوس و ٦٥ کیلۆمەتری نزیک کۆبانێ.

بەواتایەکی تر منبیج دەروازەی حەڵەب، رەققە و موسڵ و بەغداد و دیلۆک (عەنتاب) ە کۆنترۆڵکردنی منبیج بە مانای زاڵبوون بەسەر ئەم ناوچە ستراتیژییە.

 کورد هەمیشە لە منبیج ئامادەیی هەبووە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی دژەکوردی رژێمی ئەسەد و لە سەردەمی داگیرکردنی منبیج لەلایەن چەتەکانی داعش تەنها ٢٥%ی خەڵکی شار کورد بوون ٧٠%ی خەڵکی شار عەرەبی سوننە بوون کە پەیوەندی تایفەییان لەگەڵ عەرەبەکانی رۆژئاوای عێراق هەیە.

تورکیا رزگارکردنی منبیج  لەلایەن شەرڤانانەوە بەمەترسییەکی گەورەیە بۆ خۆی دەزانێت، هەربۆیە ئەردۆغان زیاتر لە ساڵێکە هەموو هەوڵی خۆی داوە تا ئەمەریکا ناچار بکات نەهێڵێت منبیج لەلایەن شەرڤانانەوە رزگار بکرێت، بەڵام نەیتوانی، بۆیە خەریکە تۆڵەی ئەم شکستە گەورەیە لە خەڵکی باکور بکاتەوە.



PM:12:55:05/06/2016