تەرمی فەرماندەکەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی گەیەنرایەوە رۆژئاوا

دوا شەهیدبوونی لەنەخۆشخانەی شار، تەرمی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی، دوێنێ لە سلێمانیەوە گەیەنرایەوە رۆژئاوای کوردستان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند دوای چوار رۆژ لەچاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی ئەبو لەیلا گیانی لەدەستداو دواتر لە رێگای فرۆکەی ئەمەریکیەوە گەیەنرایەوە رۆژئاوای کوردستان.
بەپێی زانیاریەکانی سپی، ئەمڕۆ ٦/٦ لە کوبانێ لە مەراسیمێکدا ئەبولەیلا بە خاک دەسپێردرێت، هاوکات هێزەکانی سوریای دیموکراتیش رایانگەیاند" ناوی ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی مینبەج، دەکرێت بەناوی ئەو فەرماندەیەوە".

نوێنەری ئۆباما لە جەنگی دژی داعش لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دوعا و نزا بۆ گیانی ئەبو لەیلا دەکات، وەک دەڵێت" لە پێناو نیشتمان شەهیدبوو".

ئەبو لەیلا ناوی فەیسەڵ عەبدی بلال سعدونەو لەدایکبووی   گوندی " ریشک کتکانیە" کوبانێیە، لە ٢٠٠٥ دا دەچێتە شاری مینبەج و لەوێ نیشتەجێ دەبێت، خاوەنی چوار کچە، لەسەرەتای شۆڕشی رۆژئاوادا هێزی بەرەی ئەکراد دروستدەکات و دەگۆڕدرێت بە دواتر " شمس الشمال" و لە  شەڕی پارێزگاریکردن لە کوبانێ کەسایەتی ئەو شەڕڤانە زیاتر دەرکەوت  و، تا کاتی شەهیدبوونی چەند جارێک بریندار بووە.

ئەبو لەیلا فەرماندەی كەتیبەی " ٍشمس الشمال" لە شەڕێكی قورسدا لە میحوەری مینبەج بەسەختی لەسەریدا برینداربوو، دواگەیاندنی بەنەخۆشخانەی "شاری" سلێمانی و ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەریەك شەهیدبوو.

ماوەی هەفتەیەکە هێزەکانی سووریای دیموکراتی بە سەرۆکایەتی یەپەگە و پاڵپشتی هاوپەیمانان لە پێشڕەویدان بۆ کۆنترۆڵکردنی باکوری شاری رەقە و بڕینی رێگای گەیشتنی رێکخراوی داعش بە سنوری تورکیاوە، بەپێی میدیاکانی یەپەگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا شاری مینبەج لەلایەن ئەو هێزانەوە ئازاد دەکرێت. 



AM:02:04:06/06/2016