لەسەر دەنگۆی "دزینی و ساختەکاری" بە پرسیاری تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ ەوە، وەزارەتی پەروەردە ٣٣ بەڕێوەبەرو یاریدەدەر لەسەر کار لادەبات و ژمارەیەک میدیاش دەداتە دادگا.
لە راگەیەندراوێکدا لەسەر دەنگۆی " دزین و ساختەکاری" بە پرسیارەکانی پۆلی ١٢ەوە، وەزارەتی پەروردە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی یاسایی و ئیداری دژی کۆمەڵێک بەڕێوەبەرو کارمەندی خۆی گرتە بەرو، هاوکات ژمارەیەک میدیاش رووبەرووی دادگا کردۆتەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە" چەندین كەناڵی تەلەفزیۆنی و تۆڕی كۆمەڵایەتی ناڕەوا و دوور لە هەر بەرپرسیاریەتییەكی ئەخلاقی و نیشتمانی و ئایینی و یاسایی كەوتنە دەنگۆبڵاوكردنەوە لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە و كاریگەرییەكی خراپ و نەرێنییان لە سەر دەروونی قووتابی و خوێندكار و كەسوكارەكانیان دروست كرد، ئەمە لە كاتێكدایە كە دەبوو لە گرنگی بابەتەكە تێگەیشتبوونایە و دروست مامەڵەیان لەگەڵ پڕۆسەكەدا كردبا".
دەقی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی پەروەردە
كەسوكاری بەڕێزی قوتابیان و خوێندكاران
قوتابیان و خوێندكارانی خۆشەویست
پڕۆسەی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە ئێستا و ئایندەی گەل و هەموو تاكێكی كوردستانەوە هەیە، بۆیە لە كاتی تاقیكردنەوەكانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی، كوردستانیان بۆ هیواوە لە چاوەڕوانی ئەنجامی هەوڵ و ماندووبوونی نەوەكانی ئەم گەلە دەڕوانن كە بە دۆخێكی دەروونی دژواردا تێدەپەڕن. بێگوومان لە هەموو وڵاتێكی دونیا، پرۆسەی تاقیكردنەوەكان بەدەر نین لە لایەن و كەسانی بەرژەوەندیخواز بۆ ئەنجامدانی كاری نایاسایی و تێكدەرانە. بە داخەوە لە كاتی تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی هەرێمدا، چەندین كەناڵی تەلەفزیۆنی و تۆڕی كۆمەڵایەتی ناڕەوا و دوور لە هەر بەرپرسیاریەتییەكی ئەخلاقی و نیشتمانی و ئایینی و یاسایی كەوتنە دەنگۆبڵاوكردنەوە لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە و كاریگەرییەكی خراپ و نەرێنییان لە سەر دەروونی قووتابی و خوێندكار و كەسوكارەكانیان دروست كرد، ئەمە لە كاتێكدایە كە دەبوو لە گرنگی بابەتەكە تێگەیشتبوونایە و دروست مامەڵەیان لەگەڵ پڕۆسەكەدا كردبا.
ئێمە وەك وەزارەتی پەروەردە شەش مانگە هەر لە لیژنەی باڵای تاقیكردنەوەكانەوە تا دەگاتە لیژنەی پارێزگاكان كار لەسەر ئەم پرسە دەكەین و زیاتر لە پەنجا ڕێنماییمان دەركردووە و سەرجەم پێداویستییە هونەری و تەكنیكی و لۆجیستییەكانی هۆڵەكانمان دابین كردووە و كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم پارێزگارە بەڕێزەكانی پارێزگاكان و بەڕێوەبەرانی دەزگا ئەمنییەكان و كارەبا و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و كۆمپانیاكانی ئەنتەرنێت ئەنجام داوە، كە ئەمە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا كەموێنەیە.
ئەمساڵ كە (٢٦٣٩٥٤) قوتابی و خوێندكاری پۆلەكانی (نۆیەمی بنەڕەتی و دوانزەی ئامادەیی و پیشەییەكان)، بە چاودێری (٥٤٣٠١) چاودێر و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری ماندوونەناس لە (٤٢٧٠) هۆڵ تاقیكردنەوە ئەنجام دەدەن، بێشك پێشبینی گرفت و كێشە لە چەند هۆڵ و سەرپێچی یاسایی لە لایەن چەند كەسێكەوە دەكرێت، لە كاتێدا ئێمە ساڵانە بە فەرمی داوا لە خەڵك دەكەین هاوكاری وەزارەت بن لە دەستنیشاكردنی كەموكورتی و سەرپێچییەكان، بەڵام ناشكرێت كوێركوێرانە و بە بووغزەوە كار لەسەر خراپكردنی سەرتاپای پڕۆسەكە بكرێت و بخرێتە ژێر پرسیارەوە.
بەڕێزان..
بە سوپاسەوە دەزگاكانی دادوەری و ئەمنی لە بەدواداچوونی هەر پڕوپاگندە و زانیارییەك هاوكارن و ئەگەر هەر دەنگۆ و بەڵگەیەك نەسەلمێندرێت، ڕێكار و سزای یاسایی دەگیردرێتە بەر و سەرپێچیكاران و ئەوانەی دەستیان لە بڵاوكردنەوە و دروستكردنی پڕوپاگندە هەبێت، دەدرێنە داگا. لەم چوارچێوەیە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی پەروەردە بە هاوكاری دەزگا پەیوەندیدارەكان، لێكۆڵینەوەكانی درێژە پێ دەدات و دواجار چاوەڕوانی یاسا دەبین كە بڕیاری خۆی بدات:
١. گیرانی دوو بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەرەكانیان لە سنووری گەرمیان (كفری).
٢. گیرانی بەڕێوەبەرێك و یاریدەدەرەكەی و (٩) كەسی تر لە سنووری ڕانیە و ئێستاش لە ئاسایشی ڕانیە دەستبەسەرن.
٣. گیرانی بەڕێوەبەرێكی هۆڵ و دوو چاودێر لە سەنتەری شاری هەولێر، بە هۆی ئەوەی سەعات (٩:٠٠) بە مۆبایل وێنەی پرسیاری تاقیكردنەوەكانیان گرتووە بۆ ئەوەی بیاننێرنە دەرەوە، لە كاتێكدا بە پێی ڕێنمایی نابێت مۆبایل بچێتە هۆڵەكانەوە.
٤. گیرانی (١٥) كەس لەوانەی پڕوپاگندەیان كردووە بۆ دەستكەوتن و فرۆشتنی پرسیاری تاقیكردنەوەكان و بازرگانیكردن بەم ناوەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەولێر.
٥. لادانی (١٦) بەڕێوەبەری هۆڵ لە ئەركەكانیان و دروستكردنی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری داواكاری گشتی لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و لادانی (٥) بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەرەكانیان لە هەولێر.
٦. دەستگیركردنی ژمارەیەك كەرەستە و ئامرازی وەك بلوتوس و مۆبایل و ئامێری دیكەی گزیكردن كە بەم هۆیەشەوە زیاتر لە (٢٥) قوتابی و خوێندكار دەردەكرێن و لە سەرجەم تاقیكردنەوەكانیش بێبەش دەكرێن و بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو كەسانەش دەكرێت كە بازرگانییان بەم ئامێرانەوە كردووە و سزای توند دەدرێن.
٧. چەند پەیجێكی كۆمەڵایەتی، زۆر نابەرپرسانە پڕوپاگندەی فرۆشتن و ئاشكرابوونی پرسیارەكانیان بڵاو كردەوە، بۆیە وەزارەتی پەروەردە داوای یاسایی لەسەر تۆمار كردوون و دڵنیاین چ ئەوانەی لە هەرێمن و چ ئەوانەیش كە لە دەرەوەی هەرێمن، لە ڕێگەی یاساوە بەدواداچوونی تەواویان بۆ دەكرێت و بە تێوەگلانیان سزای قورس دەدرێن و هەر كەسێكیش لەمەولا و بە هەر مەبەستێك بچێتە ئەم چوارچێوەیەوە وەزارەت بە پێی یاسا داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەكات.
٨. كەناڵی (NRT) كە بە بەرنامەی (ڕای تۆ) لە ڕێكەوتی (٢٠١٦/٦/٥)ی زایینی زۆر نابەرپرسانە دەرگای بە ڕووی كۆمەڵێك كەسی خوار تەمەن (١٨) ساڵ كردەوە بۆ فڕێدانی هەموو جۆرە تۆمەتێك و دروستكردنی حاڵەتێكی نەخوازراوی دەروونی و نەرێنی لەسەر قوتابی و خوێندكاران و كەسوكارەكانیان، لە لایەن داواكاری گشتی سلێمانییەوە لێكۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت و هەر كەسێكیش لە بەرنامەكەدا قسەی كردبێت و نەتوانێت قسەكانی خۆی بە بەڵگە بسەلمێنێت، ڕێكاری یاسایی لەبەر دەگیردرێتە بەر، چونكە دیاردەی دزێ پێویستی بە بەدواداچوونی لایەنی پەیوەندیداری دیكە جگە لە وەزارەتی پەروەردە هەیە.
لە كۆتاییدا قوتابیان و خوێندكارانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە كە وەزارەتی پەروەردە بە هەموو توانایەوە، هەوڵی فەراهەمكردنی فەزایەكی گونجاو و لەبار بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان دەڕەخسێنێت و داوایان لێ دەكات كە مێشكی خۆیان بە هیچ پڕوپاگندەیەكەوە سەرقاڵ نەكەن، چونكە بوونی چەند حاڵەتێكی نایاسایی لە یەك دوو هۆڵێك ناكاتە ئەوەی پڕۆسەكە عەیبدار و نادادپەروەرانە بێت. ئێمە بۆ دەستكەوتنی هەر زانیاری و بۆ پاراستنی ئەمنیەتی پڕۆسەكە و نەهێشتنی شڵەژانی دەروونی قوتابیان و خوێندكاران، باز بەسەر هیچ كەسێكدا نادەین و سوپاسی هەموو كەسێكی دڵسۆزیش دەكەین كە بە بەڵگە و زانیاری دروستەوە هاوكارمان بێت لە سەرخستنی پڕۆسەكە و گەیشتنە ئەنجامی كۆتایی
لەگەڵ ڕێزدا