لێدوانی فەرمی حكومەتی هەرێم لەسەر پێدانی موچە بەر لە جەژنی رەمەزان

سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتیی هەرێم ڕایگەیاند تا بەر لە جەژن مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکرێت.

دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ 2016/6/9ی ئەنجومەنی وەزیران سەفین دزەیی وتەبێژی رەسمی حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەئێستادا كە نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتوەتە 50 دۆلار نەوتی هەرێم و عیراق كەمتر لەو نرخە دەفرۆشرێت، هەر بەرمیلێكی نزیكەی 8 بۆ 10 دۆلار كەمتر دەفرۆشرێت.

وتیشی: ئەو  پارەیەی ئێستا موچەی پێدەدرێت داهاتی نەوتی فرۆشراوی مانگ و نیوێك لەمەوبەرەو ئەو نەوتەی ئێستا دەفرۆشرێت گەڕانەوەی داهاتەكەی زیاتر لەمانگێكی تریش پێدەچێت و تا داهاتەكەش زیاتر بێت بەپێی نرخی رۆژ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

بەپێی قسەكانی سەفین دزەیی لەئێستادا هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم سەرو 43 دۆلار دەكات و رۆژانەش تەنها لەڕێی بۆرییەوە زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل دەفرۆشرێت.



PM:04:58:09/06/2016