نەتەوە یەكگرتوەكان: پارەی پێویستمان نیە بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان لە عێراق

رێكخەری كارە مرۆییەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق رایدەگەیەنێت، نەتەوە یەكگرتوەكان  پارەی پێویستی نیە بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان، وەزیری كۆچی عێراقیش دەڵێت، دابینكردنی كۆمەكی پێویست لە لایەن كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیەوە رۆڵی دەبێت لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان. 

دەرباز محەمەد، سەرۆكی لیژنەی فریا كەوتن و داڵدەدانی ئاوارەكان و وەزیری كۆچ كۆچبەرانی عێراق، لە نوسینگەی وەزارەت پێشوازی كرد لە لیزا گراند، رێكخەری كارە مرۆییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لە كۆبوونەوەیەكیشدا، رایگەیاند: دابینكردنی كۆمەكی پێویست بۆ ئەو رێكخراوە نێو دەوڵەتیانەی كە لە عێراق كاردەكەن، لە لایەن كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیەوە رۆڵێكی كاریگەری دەبێت لە هاوكاریكردنی ئاوارەكانی وڵات.

هاوكات، رێكخەری كارە مرۆییەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق رایگەیاند: بە هۆی پێشكەش نەكردنی كۆمەك لە لایەن وڵاتانەوە بە نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، ئەو رێكخراوە پارەی پێویستی لەبەردەستدانیە كۆمەكی ئاوارەكان بكات.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، دەرباز محەمەد، جەختی لەسەر دابینكردنی پێداویستیە سەرەتاییەكان كردەوە بۆ ئەو خێزانانەی كە لە پرۆسەی ئازاد كردنەوەی ناوچەكانی پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوە ئاوارە دەبن.



AM:10:08:10/06/2016