رادیۆی داعش وتاری مەلا کوردەکان بڵاودەکاتەوە

‌مەلا شوان و دکتۆرێکی کورد.. مەلا شوان پار بەهۆی بۆردومان هاوپەیمانانەوە کوژرا
بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی  هەرێم رادەگەیاند" رادیۆی داعش لە موسڵ وتاری هەندێ لەوتارخوێنی مزگەوت و بانگخوازە ئیسلامیەكانی كوردستان پەخش دەكات".

مەریوان نەقشبەندی بەرێوەبەری راگەیاندنی  وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێمی كوردستان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاشکرای کرد" رادیۆی داعش كە لەموسڵەوە پەخش دەكات و پەخشەكەی دەگاتە سنورەكانی قەزای بەردەڕەش و هەموو ئەو سەنگەرانەی پێشمەرگە كە لەموسڵەوە نزیكن "وتاری هەندێ وتارخوێن و بانگخوازی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە "

مەریوان نەقشبەندی دەشڵێت " ئەو وتارانە بەشێكیان كۆنن و بەبێ ئاگاداری و رەزامەندی خودی بانگخواز و وتارخوێنەكانی كوردستان لێدەدرێت و تیرۆرستانی داعش بەپەخشكردنی ئەم وتارانە دەیەوێت بڵێ لەناو هەرێمی كوردستاندا هێشتا هاوبیر و هاوسۆزمان ماوە و ئەمەش مەسجێكی خراپە و نابێ مامۆستایان و بانگخوازانی ئیسلامی كورد رێگە بەداعش بدەن ئیستیغلالی رەخنەكانیان بەرامبەر حكومەتی هەرێم و دواكەوتنی موچە و گەندەڵی و حزب و كەسایەتیە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بكەن و پێشنیار دەكەم لەگەڵ هەر وتارێكی رەخنەئامێزی وتارخوێنی مزگەوت و بانگخوازە ئیسلامیەكان دوعای سەلامەتی و سەركەوتن بۆ پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بەگشتی بكەن بۆ ئەوەی تیرۆرستانی داعش نەتوانن سوود لە وتار و موحازەرەكانیان وەربگرن".

رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لەچەند مانگی دوای داگیرکردنی موسڵ نزیکەی ٦٠٠ کورد لەریزەکنیاندا هەبوو، لەگەڵ پاشکەکشەی ئەو رێکخراوەدا لەرووی سیاسی و سەربازییەوە، ژمارەی ئەو چەکدارە کوردانە کەمبوونەوە، هەندێکیان کوژران و هەندێکی تریان ریزەکانی ئەو رێکخراوەیان جێهێشت. 



PM:09:34:12/06/2016