نەوشیروان مستەفاو بەرهەم ساڵح‌‌و هێرۆ ئیبراهیم بەشدار دەبن
سبەی سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان کۆدەبنەوە

سبەی ٦/١٤ لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان کۆدەبنەوەو هەریەکە لە نەوشیروان مستەفاو هێرۆ ئیبراهیم و بەرهەم ساڵح بەشداری دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند کە لەیەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەش کە بڕیارە سبەی لە سلێمانی لە بینایەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سازبکرێت، نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن.

 قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕیی‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا  ڕاگه‌یاند " كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ سبه‌ینێ به‌ئاماده‌بوونی‌ ته‌واوی‌ ئه‌ندامانی‌ سه‌كردایه‌تییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ ده‌بێت كه‌ لای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان شه‌ش ئه‌ندامه‌و لای‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانیش 6 ئه‌ندامه".

ئەو بەرسەی یەکێتی دەشڵێت " كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ به‌ند و ماده‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یه‌, له‌وكۆبوونه‌وه‌ به‌دواوه‌ په‌یره‌و و كاری‌ هاوبه‌شی‌ هه‌ردوولا بۆجێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ داده‌رێژرێت".

 چاودێرێکی سیاسی بە سپی راگەیاند" کۆبوونەوەی بە پلەی سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان گۆڕان و یەکێتی وەک وەڵامدانەوەیەکی ئەو دوولایەنە دێت بەرامبەر پارتی کە ئامادە نییە هیچ سازشێک لە پرسە کێشە لەسەرەکانی وەک وەگەڕخستنەوەی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و دەستور، بکات".

پارتی رۆژی ٦/١٢ لەگەڵ یەکێتی لەهەولێر کۆبوەوەو جارێکی جەختی لەسەر لابردنی سەرۆکی پەرلەمان و نەدانەوەی ئەو پۆستە بەگۆڕان کردەوە.



AM:12:09:14/06/2016