پێشمەرگەكانی دیموكرات هێزێكی پاسدارانیان تێكشكاند

پاشنیوەرۆی ئەمرۆ لەناوچەی شنۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستان، شەڕو پێكدادان لەنێوانی هێزێكی سەر بە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌و هێزێكی سوپای پاسداران روویدا.

لەمبارەیەوە وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەواڵێکدا بە میدیای حیزبەكەی ڕایگەیاند کە تیمێکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ کە لە نێوان گوندەکانی "سەرگیز و قەرەسەقەل" لە ناو خەڵکدا گەڕاون و کاروباری حیزبیان کردووە کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجام‌دا شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی ڕێژیم ڕووی داوە.

بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسەی دیموكرات لەو شەڕەدا هێزەكانی سوپا كوژراوو برینداریان هەیە‌و كوژراوو بریندارەكان بۆ نەخۆشخانەی شاری شنۆ گواستراونەتەوە.

بەپێی زانیارییەكان شەڕەكە تا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بەردوامە.




PM:09:09:15/06/2016