لەشەڕەكەی دیموكراتو پاسداران لانیكەم 11 پاسدار كوژران و گوندێکیش وێران بوو
پاشنیوەرۆو ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە شەڕو پێكدادانێك لەنێوان پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانو هێزێكی سوپای پاسداران لەناوچەی شنۆ روویدا كە بەپێی زانیاریەكان 11 پاسدار كوژراون.
بەپێی زانیاریی ماڵپەڕەكانی نزیك لە حیزبی دیموكرات لەشەڕەكەی دوێنێ كە لەگوندەكانی "سەرگیز و قەرەسەقەل" ناوچەی شنۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستان روویدا، 11 پاسدارو 2 جاش كوژراون. هاوكات هەر لەو شەڕەدا 2 خەڵكی مەدەنی كە پیاوێكو منداڵێكن گیانیان لەدەستداوە.
شەوی رابردوو و تا بەرەبەیانی ئەمرۆش تۆپخانەكانی سوپای ئێران گوندی "قەرەسەقەل"یان تۆپباران كردوە كە بەپێی زانیارییەكان نزیكەی 70%ی ئەو گوندە وێران بووە.
سەرچاوەكانی حیزبی دیموكرات رایدەگەیەنن لەو شەڕەدا تەنیا دوو پێشمەرگە برینداربوون.
هاوكات میدیاكانی ئێران لەزاری محەمەد پاكپور، فەرماندی هێزی پیادەی سوپای پاسداران بە بێ ئاماژە بە ناوی حیزبی دیموكرات هەواڵی شەڕەكەیان بڵاوكردوە.
پاكپور رایگەیاندوە: رۆژی چوارشەممە هێزەكانی سوپا لەگەڵ دوو گروپی "تیرۆریستی" بۆ ماوەی نیو كاتژمێر شەڕیان كردوە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا کە ئاژانسی فەرمی حکومەتی ئێرانە، لە زاری ئەندامانی خۆجێی سوپای پاسدارانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە 8 ئەندامی حدکا کوژراون و تەرمەکانیان لەژێر دەست سوپای پاسدارانە.
AM:10:10:16/06/2016