سەلاحەدین بەهادین: دروستکردنی فایلی بەناو یاسایی لە خزمەتی کێدایە

ئەمنیداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی بەبێ ئەوەی ناوی نەوشیران مستەفا بهێنێت، دەپرسێت" دروستکردنی فایلی بەناو یاسایی لە خزمەتی کێدایە؟".

لە پەیامێکدا سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی داوا لەبارزانی و نەوشیروان مستەفا دەکات لەم رەمەزانەدا شەڕی میدیا راگرن و دووربکەونەوە لە دۆسیە دادگا بۆ یەکتر دروستکردن.

 دەقی پەیامەکە
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

جێگای سەرسامی و داخە لەم مانگی عیبادەت و ئاشتی و خواناسییەدا، لەناكاو هەڵمەتێكی پەلاماردانی سەروەری و سوكایەتی بە بەڕێزەكانی یەكتر لە راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەڵیدایەوە، كە نە دۆخەكە دەخوازێ و نە میزاج و حاڵەتی نەفسی هاوڵاتیان و جەماوەری كوردستان تەحەمولی دەكات و، نە لە بەرژەوەندی هیچ لایەكە..
دەبێ دەست بردن بۆ دروستكردنی فایلی بەناو یاسایی یان بابەتی پرتوكاوی ماوەبەسەرچووی كۆن لە خزمەت كێدایە..؟! هاوڵاتی كوردستان كەی شایانی ئەوەیە بەم بێ وەزعی و بێ موچەیی و بێ نازییەوە ئەم شەڕە راگەیاندنەشی بكرێ بەسەردا؟!
بۆیە داوا لە راگەیاندنی هەردوولا دەكەم رەحم بە هەستی گەلەكەمان بكەن و، ئەم هەڵمەتە راگرن و، رێگە لە هەوڵی لایەن و كەسە خێرخواز و كۆششە ئاشتیخوازەكان نەگرن و بهێڵن با برینەكان پەترۆ ببەستێ و قسەیەكی خێر سەربگرێ..
هەروەك داواكارم لە بەڕێزان جەنابی (كاك مەسعود) و جەنابی (كاك نەوشیروان) فەرمانی وەستاندنی ئەم شاڵاوە ناوەختە بدەن و، نەهێڵن (راگەیاندن) و (دادگا) بەكاربهێنرێ بۆ جەنگی دەروونی و سوكایەتی و تەشهیر بە پیرۆزییەكانی یەكتر و روخاندنی پردی ئومێدی چارەسەر و ئاشتەوایی و پێكەوەژیان و كاری هاوبەش و شەراكەتی نیشتیمانی، بەڵكو بە دەستپیشخەری خێرای سەركردانەیان ئەم بەستەڵەكە بێ كۆتاییە بشكێنن و مێزی كۆبوونەوەو گفتوگۆی راستەوخۆ بكەنە رێگای چارەسەری گرفتەكان و كۆتایی هێنان بەم دۆخە ئاڵۆزە و، لەم رەمەزانەدا دڵی میللەتەكەمان خۆش بكەن..
صلاح الدین محمد بها‌والدین
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
13/رەمەزان/1437



PM:10:28:17/06/2016