پارێزگاری سلێمانی سەردانی ٥ وەزارەتی عێراق دەکات
سپی وردەکاری بڵاودەکاتەوە

پارێزگاری سلێمانی بۆ ڕاپەڕاندنی کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە سلێمانی سەردانی پێنج وەزارەت و سەفارەتی یەکێتی ئەوروپاو ئێران دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" د. ئاسۆ فەریدەوون لە بەغدایەو لە بەرنامەیدایە سەردانی وەزارەتەکانی دەرەوەو وەزارەتی نەوت و وەزارەتی ناوخۆ و بازرگانی و کارەبا و دارایی دەکات، هەروەها سەردانی قونسڵی یەکێتی ئەوروپاو ئێرانیش دەکات".

سەبارەت بەسەردانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بەمەبەستی کردنەوەی خاڵی گومرگی (سەیران بەنە) کە هەموو ئامادەکارییەکانی تەواوبووە.

هەروەها سەردانی د. ئاسۆ فەرەیدون بۆ وەزارەتی نەوت، پەیوەندی بە پێدانی ئەو نەوتەوە هەیە کە دابەشدەکرێت بەسەر هاوڵاتیاندا، کە ساڵی پار وەزارەتی ناوبراو ٤٠٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ پارێزگای سلێمانی دابینکردبوو. ( پار توانرا لەسلێمانی دوو بەرمیل نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبکات کە پارێزگاکانی تر تەنها یەک بەرمیلیان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرد).

پارێزگاری سلێمانی سەردانی وەزارەتی کارەباش دەکات، ئامانجی سەردانەکەش کۆمەککردنی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانییە، ساڵی پار ئەو وەزارەتەی عێراق ژماریەکی بەرچاو " محاویلە" ی بۆ پارێزگای سلێمانی دابینکردو ئەمساڵیش دەیانەوێت لەم روەوە بەغدا هاوکاری سلێمانی بکات.

وا بڕیارە، د. ئاسۆ فەریدوون سەردانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو بازرگانی بکات کە یەک وەزیر دەیبات بەڕێوەو ئامانج لەو سەردانەش پرسی گەنمی جوتیارانی کوردستانە کە بەغدا بڕیاری داوە لە ١٠% کەمبکاتەوە، پارێزگاری سلێمانی تێبینی لەسەر ئەو کەمکردنەوە هەیە.
هەروەها پارێزگاری سلێمانی سەردانی وەزارەتی دارایی دەکات.

د. ئاسۆ فەرەیدوون لەلایەن باڵوێزی ئێرانەوە لە عێراق، میوانداری دەکرێت، هاوکات بۆ پرسی ئاسەوارەکانی پارێزگای سلێمانی و مۆزەخانە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ باڵوێزی یەکێتی ئەوروپا سازدەکات.

ئەگەری ئەوە لەئارادایە کە د. ئاسۆ فەرەیدوون لەگەڵ عەبادی سەرۆک وەزیرانیش کۆببێتەوە، بەڵام ئەم پرسە یەکلایی نەبۆتەوە.
تا ئێستا نەزانراوە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم سەردانەی پارێزگای سلێمانی بۆ بەغدا، چی دەبێت.      



AM:10:41:19/06/2016