ڤیان دەخیل بۆ چنار سەعد
"ئەگەر باوکت تیرۆریستان شەهیدیان نەکردایە کەس نەیدەناسیت"

کەسایەتی ناسراوی ئێزیدی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڤیان دەخیل وەڵامی چنار سەعد دەداتەوەو پێی دەڵێت" ئەگەر باوکت لەلایەن تیرۆریستانەوە شەهید نەکرایە کەس چنار سەعدی نەدەناسی".

ڤیان دەخیل ئەندامی پەرلەمانی عێراق و کەسایەتی جیهانی وەڵامی ئەو چاوپێکەوتنەی چنار سەعد عەبدوڵا دەداتەوە کە لە رووداو وتبووی" جینوساید و تاوانه‌كانی داعش باری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ژیانی ئیزدیه‌كانی پێشخست".

ناوبراو دەڵێت" پێویستم بەچەند خوولەکێکە، بەڵام جێگەی داخە ناتوانم، چونکە بەرەو بینایەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڕۆم بۆ ئەوەی بەرگری لە پرسەکەم و مەسەلەی ئێزیدیەکان بکەم، ئەمەش بە گەورەتر دەزانم و، من کچێکی ئێزیدیم شانازی بە ئێزیدی بوونیشمەوە دەکەم".

ڤیان لەو پۆستەدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوویەتی " ئەگەر داعش جیهانی بە ئێمە ناساندبێت، ئەوا ئەمەش بەسەر تۆدا جێ بەجێدەبێت، دەتوانی پێمان بڵێی ئەگەر تیرۆریستان نەبوایە کە ١ ی شوبات سەعد عەبدوڵا و کۆمەڵێک لەسەرکردەکانی کوردیان شەهید نەکرد، ئەوا کەس چنار سەعدیان نەدەناسی".

ئەو پەرلەمانتارە بە چنار سەعد ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت" رەنگە لەناخدا هۆگریەکەت بۆ ئەو تیرۆریستە هەبێت، لەبەرئەوەی بە خەڵکیان ناساندیت، ئەگەر شەهیدکردنی باوکت نەبوایە کەس ناویشی نە بیستبوویت و، نەدەبوویتە ئەندام پەرلەمان و وەزیری شەهیدان".
ڤیان دەڵێت" ئەگەر باوکت شەهید نەبوایە تۆ نەسەرکردایەتی دەبوویت و هیچ نەدەبوویت و قسەش زۆرە بکرێت".



AM:12:51:22/06/2016