قەرەیڵان داوا لە پارتی دەکات دەستبەرداری پەیوەندیەکانی بێت لەگەڵ تورکیا

فەرمانداری بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، موراد قەرەیڵان لە چاوپێکەوتنێکدا، دەڵێت"  دەبێت لەدۆخێكی مێژووی بەو شێوەدا پارتی دەست لەو پەیوەندییانەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی بەربدات".

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کوردستانیوز، موراد قەرەیڵان لەسەر رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان دەڵێت" بۆ ئەوەی هەوڵدانی بەو شێوەیە بگەنە ئاستی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی، دەبێت رێكکەوتنی بەو شێوەیە لەنێوان هەموو پارتە كوردییەكان دروستبێت".
  
موراد قەرەیڵان دەستنیشانی دەكات كە سەرەڕای ئەوەی رۆژئاوای كوردستان بچووكترین پارچەی كوردستانە، بەڵام ئەو پێشكەوتنانەی لەوێ‌ دروست دەبن زۆر گرنگن و راشیدەگەیەنێت كە ئەو پێشكەوتنانەی لەرۆژئاوای كوردستان دروست دەبن، هەم لەسەر ئاستی دیموكراتی بوونی سوریا و هەمیش رۆژهەڵاتی ناوەراستدا كاریگەرییەكی مەزن و ئەرێنی دەبێت.
 
سەبارەت بە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر رۆژئاوا، قەرەیڵان دەڵێت" ئاكەپە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتەگەر بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی ئازاد كردنی منبج سەرنەكەوێت".
 
لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مبج و هاوكاریەكانی ئاكەپە بۆ گروپە چەتەكانی داعش کارایلان دەڵێت"حكومەتی ئاكەپە لەدژی شۆرشی رۆژئاوای كوردستان شەڕ بەرێوەدەبات، چونكە بەبۆچوونی ئەوان رێگەی گەیشتن بەكوردستانێكی گەورە بەرۆژئاوای كوردستانەوە تێدەپەڕێت، هەربۆیە بەو شێوەیە لەدژی رۆژئاوای كوردستان شەڕ دەكەن، ناخوازن كورد ببنە خاوەن ئیرادە، هەربۆیە تائێستا بەهەموو شێوەیە پارە و چەك و جبەخانە دەدەنە هەندێك گروپی چەتە و لەدژی رۆژئاوای كوردستان بەكاریان دەهێنن، بەڵام گروپەكانی وەك ئەلنوسرا، داعش و ئەحرارئەلشام سەرەڕای ئەوەی بەردەوام هاوكاری وەردەگرنن، ناتوانن رێگە لەبەردەم شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان بگرن، شۆرشی رۆژئاوا گەیشتۆتە ئاستێكی گرنگ."
 
لەبەشێكی دیكەی دیمانەكەدا موراد قەرەیڵان باسی لە گۆرانكاریەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست كرد و  ئەمەی وەك دەرفەتێكی مێژووی لەقەڵەمداو وتی"دەبێـت هەموو پارتە كوردییەكان ئەو دەرفەتە هەڵسەنگێنن، جارێكی دیكە هەرێمەكە دیزایین دەكرێتەوە، نە عێراق ، نەئێران ، نە سوریا و نەتوركیا وەك جاران نابن و ناچارن هەبوونی كورد قبول بكەن."
 
هەروەها لەبارەی یەك هەڵوێستی كورد موراد كارایلان رایگەیاند:"لەدۆخێكی بەو شێوەیەدا ئەگەر كورد یەكگرتوونەبن و لە ستراتیجیەكی هاوبەشدا كارنەكەن، ئەو دەرفەتە زێرینە رەنگە لەدەست بدرێت، چونكە داگیركاریەكی قوڵ لەئاراداییە، ئەمرۆ هەڵومەرج بۆ ئازادی كوردستان گونجاون، لەو چوارچێوەیەدا دەبێت كورد یەكگرتووبن و كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێـت، ئەگەر ئەمە بەو شێوەیە بێت رەنگە كوردستانێكی مەزن ئاواببێت، ئەمە ئەركی هەموو كەسێكە، بەهەمان شێوە ئەركی باشووری كوردستانیشە".
 
 



PM:02:59:23/06/2016