" عەبادی رێککەوتنی یەکێتی‌و گۆڕانی پێ باشەو ئامادەی هەموو هاریکاریەکە"

ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی لەگەڵ عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، هۆشیار عەبدوڵا رایگەیاند" عەبادی رێککەوتنەکەی پێ باشەو ئامادەی هەموو هاریکاریەکە".

لەمیانەی ئەو سەردانەی وەفدی یەکێتی و گۆڕان بۆ بەغداو کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرس و لایەنە عێراقییەکان، بەمەبەستی گەیاندن و روونکردنەوەی رێککەوتنی ئەو دوو لایەنە بە لایەنە عێراقییەکان، هۆشیار عەبدوڵا لە لێدوانێکیدا بۆ سپی" کۆبوونەوەکەی وەفدەکەی لەگەڵ عەبادی بە پۆزەتیڤ وەسف کرد".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، هۆشیار عبدوڵا وتی" جگە لەروونکردنەوەی ناوەرۆکی رێککەوتنەکە لەلایەن وەفدی کوردی و پێشوازی ئەوان لەو رێککەوتنە، عەبادی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پێویستە پەرلەمانی کوردستان ئاکتیڤ بکرێتەوە، چونکە هەر روداوێکی سیاسی لەبەغدا کاریگەری هەیە لەسەر هەرێم و پێچەوانەش رووداوەکانی هەرێم کاریگەری لەسەر بەغدا دەبێت، ئێستا هەندێک دەنگ لە بەغداوە بەرزدەبنەوە بۆ پەکخستنی پەرلەمانی عێراق، بۆیە پێویستیە پەرلەمانی کوردستان ئاکتیڤ بکرێتەوە".

سەبارەت بەپرسی نەوت، بەپێی لێدوانەکەی هۆشیار عەبدوڵا " سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پێویستە فرۆشتنی نەوتی هەرێم هاوشێوەی نەوتی عێراق شەفاف بکرێت و بزانرێت رۆژانە چەند دەفرۆشرێت و بەرمیلی بە چەند دەدرێت و کۆی داهاتی مانگانەی چەندە".

هۆشیار عەبدوڵا ئەوەی ئاشکرا کرد کە عەبادی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بەپێی ئەو هەژمارەی لای ئەوانە لەم شەش مانگەی رابردوودا هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی لە ٢٠% داهاتی عێراق، نەوتی فرۆشتووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە وەفدێکی حیزبی دەعوەش کە پێکهاتبوون لە عەلی ئەدیب و عەلی عەلاق ئامادەی کۆبوونەوەکە بووبوون، عەبادی لەسەر پرسی رزگارکردنی پارێزگای موسڵ قسەی کردووەو ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ئەوان دەستیان بە گفتوگۆی دوای دەرکردنی داعش لە موسڵ کردووەو بە بایەخەوە باسی رزگارکردنی شاری فەلوجەی کردووە کە ‌هێزە عێراقییەکان لەم رۆژانەی رابردوودا ئەو شارەیان رزگار کرد. 

وەفدی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان پێکهاتبوون لە ئاڵا تاڵەبانی و هۆشیار عەبدوڵا و شوان داودی و کاوە محەمەدو سروە عەبدولواحیدو بە ختیار شاوەیس و بڕیارە سەرکردە عێراقییەکان ببینن.



PM:11:06:25/06/2016