"تا ئێستا کۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ لایەنەکان لەسەر پرسی ریفراندۆم شکستی هێناوە"

شەش رۆژە بارزانی داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی لەسەر پرسی ریفراندۆم کردووە، بەڵام تا ئێستا هێزە سەرەکییەکانی هەرێم بڕیاری بەشداری ئەو کۆبوونەوەیەیان نەداوە.

هەرچی مەکتەبی سیاسی یەکیتی یە لەدوا کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاردا بەو پێیەی ئەوان رێککەوتنیان لەگەڵ گۆڕان هەیە، ئەو پرسە لەگەڵ گۆڕان دا تاوتوێ بکەن، لەئەنجامدا هەردوو لایەن دوێنێ ٦/٢٧ وەفدێکی هاوبەشیان سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ زۆرێک لە لایەنە سیاسیەکان کۆبوونەوە، بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو وەفدە داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، تا بەهاوبەشی لەگەڵیاندا کۆببنەوە، بەڵام پارتی رەتیکردۆتەوە.

لە بەیانەکەی ٦/٢٣ بارزانی کە داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لەلایەنەکان کردووە، هاتبوو " بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی، بۆیە داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەم لە زووترین كاتدا ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی "، لەیەکەم کاردانەوەی کۆمەڵی ئیسلامی لەسەر ئەم داوایە، محەمەد حەکیم بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ رایگەیاند" کە بارزانی دەڵێت، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی، دەبا بارزانی خۆی بارودۆخی پەرلەمان ئاسایی بکاتەوە بۆ ئەوەی پرسە چارەنووسازەکان نەکرێت بە قوربانی ناکۆکییە نێوخۆیەکان".

هەروەها ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، سەلاحەدین بەهادین رۆژێک دوای ئەو راگەیاندنەی بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند، "پێویستە بۆ ئەو پرسە زەمینە سازی بۆ بکرێت".( ئاماژەیە بۆ ئەوەی پەیوەندیەکانی نێوان لایەنەکان ئاسایی بکرێتەوە، پەرلەمان بەگەڕبخرێتەوە).

ماوەی شەش رۆژ بەسەر ئەو داواییەی بارزانیدا تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێکی سەرەکی بە فەرمی ئامادەیی خۆی نیشان نەداوە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بکات.     



AM:11:09:28/06/2016