كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر گرتنی كادیرەكانی بەتۆمەتی تەقینەوەكەی رووداو هاتەدەنگ

ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان روونکردنەوەیەک لەبارەی دەستگیرکردنی کادیرەکانی لە هەولێر بڵاودەکاتەوە و، رەتیدەکاتەوە دەستیان لە هێرشکردنە سەر تۆڕی میدیایی رووداو هەبووبێت.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە "کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە رۆژی راگەیاندنیەوە تاوەکو ئێستا ھەڵوێستی روون و راشکاوانە بووە لەسەر بیری تووندوتیژی، کار و کردەوەی گرووپە پەڕگیرەکانی وەک داعشی رەتکردووەتەوە و دژی وەستاوەتەوە".

دەقی روونکردنەوەکە:


کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە رۆژی راگەیاندنیەوە تاکو ئێستا ھەڵوێستی روون و راشکاوانە بووە لە سەر بیری تووندوتیژی و، کار و کردەوەی گروپە پەرگیرەکانی وەکو داعشی رەتکردووەتەوە و دژی وەستاوە ،لە خەباتی سیاسی و مەدەنی لە عێراق و ھەرێمدا شان بە شانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەردەوام بووە، دەنگێک بووە بۆ داکۆکی لە پاراستنی مافی ھاووڵاتیان و رێزگرتن لە یاسا و  بەرپاکردنی شەفافیەت و بنەبڕکردنی گەندەڵی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و، بە دامەزراوەکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش  و، یەکگرتنەوەی ئیدارە و یەک حکومەتی کردووە و دژی پەکخستنی پەرلەمان بووە و داوای کاراکردنەوەی کردووە، و زانیویەتی ئەم ھەڵوێستانەی بێ باج نابن!!

دامودەزگای ئەمنی ھەولێر ھەر لە سەرەتای گرژیە سیاسییەکان لە سەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم ھەستان بە دەستگیرکردنی چەندین کادر و ئەندامانمان بە تۆمەتی تیرۆر و دواجاریش ھیچیان لەسەر ئیسپات نەبوو!

بۆیە دەستگیرکردنی کارگێڕێکی مەڵبەندی ھەولێری کۆمەڵ لە رۆژی ٢٨-٦-٢٠١٦ بە شێوازێکی نایاسایی و نا شارستانی و دوور لە بەھا مرۆییەکان و ناوھێنانی و ئاشکراکردنی پۆستە حیزبیەکەشی، لە روونکردنەوەی ئاسایشی ھەولێردا وەکو گومانلێکراو لە دۆسیەی ھێرشکردنە سەر کەنالی رووداو بە ناوزڕاندنی خۆی و کۆمەڵ ، بەپێچەوانەی بنەما یاساییەکان بە تایبەت بنەمای (نھێنی لێکۆڵینەوە) و بنەمای(تۆمەتبار بێ تاوانە تا تاوانەکەی بە سەردا دەچەسپێ)دەزانین و ، سەرلەبەری تۆمەتەکە رەتدەکەینەوە، لە ھەمان کاتدا بە تەسفیەی حیساباتی سیاسی بەرانبەر کۆمەڵ ئەژماری دەکەین.

دەبێ ناوبراو مافی بەرگری تەواوی پێ بدرێ و دادگایی ئاشکرا و دوور لە دەستێوەردانی حیزبی و ئەمنی بۆئەنجامدرێت، کۆمەڵی ئیسلامیش لە سەر ئەو ناوزڕاندنە رێگای سکاڵای یاسایی بەرانبەر بەو دەزگایەی تەشھیری پێ کردوە دەگرێتەبەر، دەخوازین بۆ یەکلاکردنەوەی ئاڵۆزییە سیاسییەکان پەنا بۆ ئەو جۆرە شێواز و سیناریۆیانە نەبرێت !

لە کاتێکدا ئێمە چاوەڕوان بووین ناوبراو ئازاد بکرێت و ئەم ھەڵەیە راستبکرێتەوە بەداخەوە ئەمڕۆ کادرێکی تری پێشکەوتووی کۆمەڵ رفێندراوە.

ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان
٢٤ی رەمەزانی ١٤٣٧ یکۆچی، ٢٩-٦-٢٠١٦ ی زایینی



PM:03:37:29/06/2016