ئاری هەرسین: ئاسایشی هەولێر هەڵەیەكی گەورەی كرد

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی پشتگیری بۆچوونی بەڕێوەبەرێكی ئەوقاف دەكات كە وتویەتی "ئاسایش هەڵەیەكی گەورەی كرد".

ئاری هەرسین، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە نوسینێكدا دەڵێت "پشتیوانی لەم بۆچوونەی برای بەڕێزم كاك مەریوان نەقشبەندی دەكەم".

مەریوان نەقشبەندی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و پەرەپێدانی پێکەوە ژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف لەنووسینێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت" لەراگەیەنراوەكەی ئاسایشی هەولێر سەبارەت بەهێرشكردنە سەر كەناڵی ڕوداو هەڵەیەكی گەورە كراوە كە ناوی ئەم پیاوەیان هێناوە و ئاماژەشیان بەئینتیما و كارە حزبیەكەی كردوە"چونكە لەراگەیەنراوەكەدا هاتوە كە ئەم پیاوە گومانی لێكراوە بۆیە دەستگیر كراوە"واتە هێشتا تۆمەتەكەی لەسەر ساغ نەبۆتەوە".

نەقشبەندی لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت "بۆیە دەبوو ئاسایشی هەولێر ناوی ئەم بەرێزەی بڵاونەكردایەتەوە هەتا دوای بڕیاری دادگا"ئینجا ئەگەر تۆمەتباریش بكرێت ئەوە ناوهێنانی كۆمەڵی ئیسلامی وەك پاشگر بۆ ئەم پیاوە" ناتەندروستە و پیشەیی نیە "لانی كەم لەبەرئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی هێشتا لەحكومەتی هەرێم بەشدارە و حزبێكی سیاسی مۆڵەتپێدراوە".



PM:12:00:30/06/2016