حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران: بە هیچ شێوەیەك هەڕەشە قبووڵ ناكەین

حکومەتی هەرێم وەڵامی جێگری سووپای پاسداران دەداتەوەو دەڵێت" بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە قبووڵناکەین"، حکومەتی هەرێم بە بەراورد بە راگەیاندنی پێشووی لەسەر تۆپبارانی ناوچە سنوریەکان، زمانی وەڵامدانەوەی بۆ ئێران توندکردەوە.

ئەمڕۆ ٧/٢ حکومەتی هەرێم لێدوانێکی لەسەر هەڕەشەکانی جێگری فەرماندەیی سووپای پاسداران کە هەڕەشەی وێرانکردنی هەرێمی کردبوو، بڵاوکردەوەو دەڵێت"  ئەو هەڕەشەیە بە تەواوی پێچەوانەی سروشتی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە لەنێوان هەردوولاماندا هەبووە و بە هیچ شێوەیەك ئەو هەڕەشانە خزمەتی پەیوەندییەكانمان ناكەن و نابێ بە هیچ شێوەیەك ئەو زمانە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكار بهێندرێت". 

ئەمەش دەقی لێدوانەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە :

سەردار حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، دوێنێ لە وتاری نوێژی هەینیدا لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، هەڕەشەی وێرانكردنی هەرێمی كوردستانی لە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد.
ئێمە بە توندی ئەو هەڕەشە نابەجێیەی سەردار سەلامی ڕەتدەكەینەوە و بە هەڵوێستێكی نەگونجاوی دەبینین لەگەڵ پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران. بەتایبەتیش كە لەو ماوەیەدا گفتوگۆی پڕ لە تێگەیشتن و دۆستانە هەبوون لەنێوان هەردوولادا، بەڵام ئەو هەڕەشەیە بە تەواوی پێچەوانەی سروشتی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە لەنێوان هەردوولاماندا هەبووە و بە هیچ شێوەیەك ئەو هەڕەشانە خزمەتی پەیوەندییەكانمان ناكەن و نابێ بە هیچ شێوەیەك ئەو زمانە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكار بهێندرێت.
ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕوانین و لە هەوڵداین بۆ پێشكەوتنی بەردەوام و زیاتری ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا، لەبەر ئەوەش ئەو هەڕەشانە زۆر نەگونجاون لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدا .
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی پاراستنی پەیوەندی و گەشەپێدانی هاوكاریی دۆستانە و جێبەجێكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەمای دراوسێیەتیی باش و دۆستایەتی و هاوكاریی هەمیشەیی، بەردەوام ویستوویەتی هۆكاری سەقامگیری و ئاشتییەكی ڕاستەقینە بێت لەپێناو بەرژەوەندیی گەلانی ئێران و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا، هەربۆیەش نەمانویستووە و نامانەوێت خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە سەرچاوەی هێرشكردنە ناو خاكی ئێران و هیچ دەوڵەتێكی دراوسێی هەرێمی كوردستان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان
2-7-2016

دەقی لێدوانی پێشووی حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم پرسە
ەمەش دەقی ڕاگەیه‌ندراوەكەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە:
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیاوە بۆمباباران كران، لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بریندار بوون، هەروەها دەیان گوندنشین ناچار بوون گوندەكانیان چۆڵ بكەن و دەیان مەڕدار و جوتیار و كۆچەریش، ناچار بوون لە كوێستانەكان بێنە خوارەوە و زیانێكی زۆر بەر كشتوكاڵ و ئاژەڵی هاووڵاتیان و ژینگەی هەرێمی كوردستان كەوتووە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگه‌رانیی خۆی بەرامبەر ئەو زیانانە ڕادەگەیه‌نێت و داوا لە هەردوو دەوڵەتی دراوسێ، كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیا دەكات بۆمبابارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ڕابگرن. هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكانی نەگۆڕە و پابەندە بە دۆستایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەكان بۆ پاراستنی ئارامیی سنوورەكانی ئەو دەوڵەتانە و هەوڵدان بۆ ئاشتی و ئارامییەكی بەردەوام بۆ گەلی هەرێمی كوردستان و گەلانی ئێران و توركیا و ناوچەكە.

لە هەمان كاتدا ناڕەزاییی خۆمان بەرامبەر بەكارهێنانی خاك و سنوورەكانی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیه‌نین بۆ زیانگەیاندن و هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێی هەرێمی كوردستان لەلایەن هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامیی ئێران و لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە، داوا لە هەموو ئەو لایەنانە دەكەین كە چیتر خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانی هەرێمی كوردستان بەكار نەهێنن و ڕێز لە ئارامیی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و پابەندییە یاساییەكان و پەیوەندییە دۆستایه‌تییه‌كانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێیەكانی، بگرن.

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
26/6/2016



AM:11:20:02/07/2016