سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە

د. یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێك بڵاودەكاتەوە.

دەقی پەیامەكە:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانەوە، پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان بە گشتی و فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەواوی چین و توێژەکانی تری هەرێمی کوردستان دەکەم، کە زیاتر لە ساڵێکە لە ژێر پاڵەپەستۆیەکی  دژوار و قورسی بێ موچەیی و قەیرانی دارایدا دەژین.
لە ئێستادا کە هەمومان لە پێشوازی جەژنی ڕەمەزانداین، پێشمەرگە ئازا و نەبەردەکانمان لە بەرەکانی پێشەوەی بەرگریکردنن لە هەرێمی کوردستان، بۆیە بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستانەوە، سوپاسی ئازایەتی و خۆڕاگرییان دەکەین بەرامبەر بە گروپی تیرۆرستانی داعش. جەژنە پیرۆزە لە خێزان و کەسوکارە سەربەرزەکانیان دەکەین. سڵاو دەنێرین بۆ کەسوکار و خێزانی ئەو پێشمەرگە شەهیدانەی خوێنی پاکیان کردە قوربانی ئازادی و سەربەرزی نەتەوەکەمان، جەژنە پیرۆزە و سڵاو لە پێشمەرگە بریندارەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازین.

دوبارە جەژنی هەمو لایەک پیرۆز بێت، هەمیشە لە جەژن و شادیدابن.

د.یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٥-٧-٢٠١٦




PM:04:28:05/07/2016