نەتەوە یەكگرتوەكان سێ‌ ملیۆن دۆلار بۆ شنگال تەرخان دەكات

ئەمرۆ وەفدێكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان سەردانی قەزای شنگالیان كرد‌و بڕیارە بڕی سێ ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی قەزاكە تەرخان بكات.

 لەوبارەیەوە مەحما خەلیل قائیمقامی شنگال رایگەیاند، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان و وەفدێكی هاوڕێی، ئەمڕۆ (پێنجشەممە 14/7) سەردانی قەزای شنگالی كرد و وەڵامی نامەكەیانی بۆ بردونەتەوە، كە ئاراستەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكانیان كرد بوو.

وتیشی "مەبەستی سەردانەكە بۆ ئاگاداربونە لەڕەوشی ئێستای شنگال، چونكە شنگال پێویستی بەئاوەدانكردنەوەی جدی هەیە. یونامی (نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق) سێ‌ ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال تەرخان كردوە".

قائیمقامی شەنگال ئەوەشی ئاشكراكرد، سێ هەزار و 700 ئێزدی لەئێستادا لەژێر دەسەڵاتی داعشدا ماوەنەتەوە و پێویستە ئەوانیش رزگار بكرێن.



PM:12:45:14/07/2016