هونەرمەندانی تورکیا لەسەر کودەتاكه چی دەڵێن؟

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی كودەتای سەربازیی توركیا، بەشێك لەهونەرمەندانی ئەو وڵاتە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی خۆیان نیشاندا.

نورگوڵ یەشیل چای ئەکتەری تورکی هەر دوای هاتنە سەر شەقامی خەڵك لە دژی کودەتاچییەکان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و دەڵێت" دیسان مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئێمە بەهیچ شێوەیەک کودەتامان ناوێت".

دوای ئەو هونەرمەندە ئۆزجان دەنیز لە پەیجی خۆی دەنووسێت "دوعا بۆ یەکپارچەیی و ئارامی تورکیا بکەن".

 هەروەها ساروهان هونەل ئەکتەری بەناوبانگی تورکیا لەبارەی کودەتاوە دەڵێت "کودەتاچییەکان باوەڕیان بە دیموکراتی و ئیرادەی گەل نییە". بوشرا ئای ئایدن، ئەکتەری تورک بە دەنگێکی بەرز پاڵپشتی خۆی بۆ ئەردۆغان دەردەبڕێت و دەڵێت "ئەم کودەتایە هەرگیز ئیرادەی گەل ناسڕێتەوە، ئێمە ئێستا نەوەی تورکیای ساڵانی شەست و هەشتاییەکان نین، ئەگەر پێویست بکات هەموومان دەبینە سەربازی تورکیا، ئێمە بە مردن و ژیان لەگەڵتاین سەرۆک".

ئامینە گوڵشەن، ئەکتەرو شاجوانی تورکیا، کە لە کوردستان بەنوور ناسراوە، دوعا بۆ تورکیا دەکات ودەنووسێت "خودا هاوکارو پاڵپشتمان بێت بۆ جێبەجێکردنی یەکسانی ودادپەروەری، خودایە خاک ونیشتمانمان بپارێزە، هەموومان با دوعا لە پێناو تورکیا بکەین".

موراد یلدرم، ئەکتەری ناسراوی تورکیا، نەفرەت لە کودەتاچییەکان دەکات و دەڵێت " ئێمە کودەتاچییەکانمان ناوێت، نەفرەت لەو کەسانەی گێرەشێوێنی لە وڵاتدا دەنێنەوە، دەبێت بەهەموومان کودەتاچییەکان ببەزێنین".



PM:01:31:16/07/2016