نێچیرڤان بارزانی: یەكدەنگیی لایەنەكان توانی شەرعیەتی دەسەڵات لە توركیا بپارێزێت

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پەیامێك بە بۆنەی شكست هێنانی كودەتاكەی توركیا بڵاودەكاتەوە‌و دەڵێت  "گەلی توركیا بە خوێن و قارەمانیه‌تی شەرعیەتی لە توركیا پاراست".

لەپەیامەكەدا هاتووە : "خۆشحاڵین بە سەركەوتنی ئیرادەی گەلی توركیا بەسەر هەوڵی گرووپێكی سەبازیی دژ بە شەرعیەت و ئیرادەی گەل و لەو باوەڕەداین شكستخواردنی ئەو هەوڵە، دەسەڵات و حكومەت و ئیرادەی گەلی توركیا بەهێزتر دەكات و هەروەها رێگەی كودەتای سەربازی لە توركیا داده‌خات".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی لە ره‌جه‌ب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمار ، بیناڵی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا و هەموو لایەنەكان و گەلی توركیا دەكات كە" پێكەوە ئەو هەوڵەیان شكست پێهێنا".

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "یەكدەنگیی لایەنەكان و كەسایەتییەكانی توركیا توانی شەرعیەتی دەسەڵات و توركیا و ناوچەكەش لە ئاڵۆزییەكی گەورە بپارێزێت".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی، گەلی توركیا بە خوێن و قارەمانیه‌تی، شەرعیەتی لە توركیا پاراست، رایگەیاند: "لەو باوەڕەداین ئەوە نموونەیەكی تازە و گەورەیە لە هوشیاریی گەلی توركیادا. هەروەها ئەو هوشیاریەی گەلان، ناوچەكەمان بەرەو ئارامی و دیالۆگ و بنبڕكردنی تیرۆر و ئاڵۆزی دەبات".



PM:03:24:16/07/2016