نوری مالکی سەرکردەی حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەردانێک دەگاتە سلێمانی بۆ پیرۆزبایی و پاڵپشتکردنی رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی.
وا بڕیارە مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشوو بگاتە سلێمانی و سەردانی تاڵەبانی و سەرکردەکانی یەکێتی بکات، دواتریش سەردانی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بکات.
لەدوا سەردانی وەفدی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی بۆ بەغدا پێش جەژن و کۆبوونەوەی ئەو وەفدە لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مالکی، ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بەو نزیکانە سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ سەرکردەکانی پارتەکان کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بە سپی راگەیاند لەو کۆبوونەوەیەدا مالکی بە وەفدەکەی راگەیاندووە، کە بەو نزیکانە سەردانی سلێمانی دەکات و مەبەستی سەردانەکەشی بۆ پشتگیری و پیرۆزبایی کردنە لەو رێککەوتنەی کە سەرکردەکانی یەکێتی و گۆڕان ئەنجامیان داوە.
رۆژی ٥/١٧ لە ماڵی تاڵەبانی گۆڕان و یەکێتی رێککەوتنێکیان ئیمزا کردو بەپێی ئەو رێککەوتنە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان لەسەر ئاستی پارێزگاکان و هەرێم و عێراق هاوپەیمانێتییەک پێکدەهێنن.