توركیا: ئەمەریكا یەكێك لە ئەنجامدەرانی كودەتاكە دەپارێزێت

وەزیری دادی توركیا ژمارەی گیراوەكانی ئەم دواییەی توركیا ئاشكرا دەكات‌و ئەمەریكاش بەوە تۆمەتبار دەكات داڵدەی فەتحوڵا گولەنی داوە كە تۆمەتبارە بە هەوڵی كودەتا.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ 17/7 بەكر بۆزداغ وەزیری دادی توركیا لەبارەی هەوڵی كودەتا سەربازییە شكستخواردوەكەی ناو وڵاتەكەی رایگەیاند، لە ئێستادا رێكارەكان درێژەیان هەیە و نزیكەی شەش هەزار كەس دەستگیركراون و ئەو ژمارەیەش تێدەپەڕێنێ و ئەو كەسانە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

لە بارەی گەڕاندنەوەی فەتحوڵلا گولەن سەرۆكی رەوتی گولەن و تۆمەتبار بە هەوڵی كودەتاكە، وەزیری دادی توركیا دەڵێت "پاراستن و خاوەندارێتی كردنی لەو، هەڵوێستی ئەمریكا لاواز دەكات، هەروەها زیان بە ناوبانگی ئەمریكا دەگەیەنێت. من لەم سەعاتە بەدواوە ئەگەری ئەوە دانانێم كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا یەكێك لە ئەنجامدەرانی هەڵمەتەكەی دژ بە توركیا بپارێزێت".

هەر لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسێكی باڵای حكومەتی توركیا كە نەیویستوە ناوی بهێنرێت، بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتوە "ژمارەیەكی كەم لە سەربازی گرنگ، كە بەشداربون لە هەوڵی كودەتاكە تائێستا دەستگیرنەكراون و خۆیان حەشارداوە".

هەرچەندە بە گرنگییەوە باسی لە پلەی ئەو سەربازانە كردوە، بەڵام بەرپرسە باڵاكەی توركیا دڵنیایی داوە كە ئەو گروپە كەمە ناتوانن كودەتایەكی نوێ لەو وڵاتەدا بكەن.



PM:02:46:17/07/2016