18 بنكەی سەربازیی‌و بنكەیەكی میتی توركیا لە هەرێمی كوردستان هەیە

هەژدە بنكەی سەربازی و دەزگای میتی توركی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكرێت، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت ئەو هێزانە هیچ پەیوەندیەكیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا نیە.

رۆژنامەی ئاوێنە لە ژمارەی  ئەمڕۆ 19/7دا بڵاوی كردۆتەوە، كە هەژدە بنكەی سەربازی و دەزگای میتی توركیا لە پارێزگای دهۆك جێگیر كراون، و نزیكەی 5000 سەرباز و ئەفسەر لەم بنكانەدا بەتانگ و زرێپۆش و تۆپ و چەندین كەرەستەی دیكەی سەربازی و ئامێری پێشكەوتووی تایبەت بەهەواڵگری و چاودێری پڕ چەك كراون.

لەبەرامبەر ئەو زانیاریانەی رۆژنامەكەدا جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت: كە ئەو هێزانە هیچ جۆرە پەیوەندی و هاوئاهەنگیەكیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نیە . ئەمینداری گشتی پێشمەرگە ئەوەشی وتوە كە ئەو لەوەزیاتر هیچ قسەیەكی دیكە ناكات.

هەر بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەكە، سەرەتای هاتنی ئەم هێزانە دەگەڕێتەوە بۆ كاتی شەڕی ناوخۆی نێوان یەكێتی و پارتی لە ساڵی 1995دا، وئەم هێزە جگەلەوەی لەقۆناغی ئەو شەڕەدا پشتگیریان لە پارتی دیموكراتی كوردستان كردوە، دواتر بەناوی هێزی ئاشتی (PMF)ەوە كەوتنە نێوان هێزە بەشەڕهاتوەكانی یەكێتی و پارتی و چاودێری ئاگربەستی زۆنی زەرد و زۆنی سەوزیان پێسپێردرا.



PM:02:04:19/07/2016