وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم گۆڕانی بەسەردا دێت

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم گۆڕانی بەسەردا دێت و خوێندکار تەنها لەسەر بنەمای نمرە وەرناگیرێت بەڵکو دەتوانن فۆڕمی ئەو بەشە پڕبکەنەوە کەم حەزیان لێیەتی.


بەپێی ئەو مەرجانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وەرگرتنی زانکۆی ناردووە، چەند بەشێک هەیە کە ئەو بڕیارە ناگرێتەوە، دیارترین ئەو بەشانەش كە قوتابی‌ و خوێندكار ناتوانن بەخواستی خۆیان بچن و فۆڕمی وەرگرتنی تێدا پڕبکەنەوە، بریتین لە بەشە: پزیشكییەكان، ئەندازیاری، یاسا ‌و چەند بەشێکی دیكەش "كە زانكۆكان خۆیان دیارییان كردووە".

لە مەرجە گرنگەكانی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانكۆ و پەیمانگەكان بە "شێوازی زانكۆیی" بریتین لە" كۆنمرە، دەبێت خوێندکار 60% كەمتری نەبێت. تەمەن، لە 30 ساڵ زیاتر نەبێت". ئەم وەرگرتنە دەرچووانی ساڵەكانی خوێندنی 2014 بۆ 2015 ‌و 2015 بۆ 2016 بە هەمان ئەو مەرجانە دەگرێتەوە، بەڵام ئەو خوێندکارانە دەچنە پێشبڕکێوە بۆ بەدەستهێنانی کورسی خوێندن.

بەپێی ئەو شێوازە نوێیەی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکان، خوێندكار دەتوانێت‌ لە چەند زانكۆیەك داواكاری وەرگرتن پێشكەش بكات، هەر قوتابییەك بەو شێوازە داوای وەرگرتن لە زانکۆکان بکات، مافی وەرگرتنی بەشێوازی زانكۆ لاین نامێنێ‌.
هەر بەگوێرەی بڕیارەکە بەشە ناوخۆیی نادرێت بەو خوێندکارانەی کە دابەزاندن لە بەشەکانیان دەکەن.



AM:11:27:26/07/2016