پسپۆڕێکی بواری نەوت ڕایگەیاند "لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەمڕۆی چەکدارانی داعش بۆ سەر کێڵگەی نەوتی بای حەسەن تەنها چەند خەزانێک گڕی گرتووە و خۆشبەختانە بیرەکان زیانیان بەرنەکەوتووە".
تارق کاکە ڕەش، پسپۆری بواری نەوت و مامۆستا لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، لەلێدوانێکیدا بۆ سپی ڕایگەیاند "لە ماوەی ڕۆژێکدا دەتوانرێت دەستبکرێتەوە بە ناردنی نەوت لە کێڵگەی بای حەسەنەوە کە ئەمڕۆ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە هێرش کرایە سەری و چەند خەزانێکی سوتێنرا" .
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە کێڵگەی ناوبراو لە توانایدایە ڕۆژانە ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت.
کێڵگەی نەوتی بای حەسەن لە دوای هێرشەکانی داعش و پاشەکشەی سوپای عێراقەوە کەوتە دەست وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و لەلایەن پۆلیسی ئەو وەزارەتەوە دەپارێزرێت و ڕۆژانە نەوتەکەی لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە دەفرۆشرێت.
ئەو کێڵگەیە ئەمڕۆ لەلایەن چەند چەکدارێکی داعشەوە هێرشکرایە سەری و چەند چەکدارێک خۆیان تەقاندەوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستیان بەسەر کێڵگەکەدا گرت و زەرەری گیانی و مادی لێکەوتەوە.