ڕێبوار کەریم وەلی لەسەر نەوشیروان مستەفای "تیرۆریست" قسە دەکات

میدیاکاری ناسراوی پارتی، رێبوار کەریم وەلی دەڵێت" دوای سەردانی د. فواد حسین بۆ لای نەوشیروان مستەفا، دەبێت میدیای پارتی‌و گۆڕانی باشی تووشی شۆک کردبێت، چونکە میدیای پارتی چەندین مانگە بەراست و چەپ پەلاماری شەخسی نەوشیروان مستەفا دەدەن و داوا دەکەن بەتۆمەتی کاری تیرۆریستی بچێتە بەردەم دادگا".

رێبوار کەریم وەلی لە ستوونەکەی لە رۆژنامەی رووداو کە بەناونیشانی " نەوشیروان مستەفای تیرۆریست!"، سەرباری ئەوەی رەخنە لە میدیای پارتی دەگرێت کە هێرشیان دەکردە سەر نەوشیروان مستەفا، هاوکات رووی رەخنەش دەکاتە میدیا ئەهلی و دەڵێت" ئەو سەردانەی فواد حسێن، میدیا سلێمانی و ئەهلیشی بەهەمان ئەندازە سەغڵەت کردووە کە دوای ئەو هەموو دەستەواژەی سەرۆکی ماوە بەسەرچوو، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دووجار بە سیفەتی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم پێشوازی لە د.فواد کردووە".

ئەو رۆژنامەنووسەی پارتی هێرشێکی زۆر دەکاتە سەر باڵی دەستڕۆشتووی ناو یەکێتی بەوە مەزندەی دەکات کەپشکی شێری لەو قەیرانەدا بەردەکەوێت و دەڵێت" سەرباری شەراکەتی پەنجا بەپەنجای لەهەموو سیاسەتە ستراتیژیەکانی کوردستان، کەچی ئۆباڵی هەموو شتێکی خستۆتە ئەستۆی پارتی".

رێبوار، ئەو باڵە دەستڕۆشتووەی یەکێتی بەوە تۆمەتبار دەکات کە پارتی دەستخەڕۆ کردووەو لەگەڵ ئەو دا سەرقاڵی رێککەوتن بووە، کەچی چووە رێکەوتنی لەگەڵ گۆڕان کردووەو دەڵێت" قیروسیا بەو پارەیەی لە نەوت دەستی دەکەوێت، قەرزەکانی گۆڕانیش دەداتەوە". 



AM:10:45:01/08/2016