"فراکسیۆنی یەکێتی‌و گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بەرەو هاوسەرۆکی دەچن"

بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی دەبێت فراکسیۆنەکانیان لە پەلەمانی کوردستان ببنە فراکسیۆنێکی هاوبەش بەڵام بۆچوونی جیاواز لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنەکەی هەیە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت "زیاد لە پێشنیازێک هەیە".

بێگەرد تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە سپی ڕاگەیاند "هیچ کێشەیەک نییە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی فراکسیۆنە هاوبەشەکە و ئێمە پڕۆژەیەکمان خستووەتە بەردەم سەرکردایەتی هاوبەش".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە پێکهێنانی فراکسیۆنە هاوبەشەکە بە هیچ شێوەیەک دوانەکەوتووە و سەبارەت بەوەی کە باس لەوە دەکرێت فراکسیۆنەکە بە شێوەی هاوسەرۆکایەتی بەڕێوەببرێت، بێگەرد وتی "زیاد لە پێشنیازێک هەیە و دەبێت سەرکردایەتی هاوبەش بڕیار لەو بارەیەوە بدات".

سەبارەت بەوەی ئایا هاوسەرۆکی یەکێکە لەو پێشنیازانە، وتی "ناتوانم هیچ زانیارییەک بدەم".



PM:04:06:06/08/2016