بارگرژی بەردەوامە لە ئاسایشی گەرمیان
بەڕێوەبەرە کۆنەکە هێزێکی زۆری کۆکردۆتەوە

ماوەی هەفتەیەکی تەواوە دەزگای ئاسایشی هەرێم" سلێمانی" بڕیاریداوە بەڕێوەری گشتی ئاسایشی گەرمیان بگوێزێتەوە بۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی چەمچەماڵ، بەڵام تا ئێستا بەڕێوەبەرە کۆنەکە پابەند نابێت بە بڕیارەکەوەو ئەمڕۆ هێزێکی زۆری کۆکردۆتەوە لە بیانایەی ئاسایش.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەلارەوە بە سپی راگەیاند" بەیانی ئەمڕۆ عەمید عەلی محەمەد شاسورار، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی گەرمیان کە بڕیاری گواستنەوە بۆ دەرچووە بۆ چەمچەماڵ، وەک هەفتەی پێشوو چۆتە سەر کارەکەی و ‌هێزێکی زۆری ئاسایش و کەسوکاری بە چەکی بیکەسی و قەناس و کڵاشنکۆفەوە بردۆتە ناو ئاسایش و چواردەوری ئاسایش".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هەموو ئەو هەوڵانەی لەم هەفتەیەدا دراون بۆ ئەوەی عەمید عەلی شاسوار پابەندبێت بە بڕیاری گواستنەوەکەیەوە شکستی خواردووەو ئەو سوورە لەسەر مانەوەی لە پۆستەکەی و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بڕیاری دەزگای ئاسایشی هەرێم سلێمانی کە لەکاتێکدا دراوە ئەو لەدەرەوەی وڵات بووەو ئەو بڕیارە بۆ شکاندنی ئەوە.

هاوکات لەماوەی هەفتەی رابردوودا هەرچەندە لیوا نەوشیروان ئەحمەد کە جێگری ئاسایشی گەرمیانە لە سەرەتای هەفتەدا رایگەیاند" ئەو بۆتە بەڕێوەبەری ئاسایش و نوسراوی گۆڕانکاری بەرزکردۆتەوە بۆ یاسایشی هەرێم، بەڵام لەو رۆژەوە بەدرێژایی ئەم هەفتەیە وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاسایش دەوام دەکات، نەک وەک بەڕێوەبەر".

عەلی شاسوار کە پلەکەی لە جێگرەکەی بچووکترە، سەربەباڵی کۆسرەت رەسوڵ و مەحمود سەنگاوییە، هەرچی لیوا نەوشیروان ئەحمەدە سەر بەباڵی هێرۆ ئیبراهیمە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا، لەبەر ناکۆکی نێوان ئەو دوو باڵە گواستنەوەی بەڕێوەبەرەکانی ئاسایشی گەرمیان –چەمچەماڵ و رانیە- کۆیە رابگرێت، بەڵام قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەکاتەوەو پێیوایە "ئەوە کاری حکومەتە، نەک مەکتەبی سیاسی".

ناوچەی گەرمیان و ئاسایشەکەی جێگاو بەڕێوەبەرایەتییەکی گرنگی ئەمنی و ئابوری ناوچەکەو هەرێمە، جگە لەوە هاوسنوری ناوچە جێناکۆکەکانە، هاوکات شوێنیکی ئابوری گرنگیشە بە حوکمی خاڵی گومرگی پەروێز خان و ناوچە سنوریەکانی تری ئەو دەڤەرە لەگەڵ ئێران. 

بۆئەوەی هەمیشە ئاگاداری هەواڵەکانی سپی بیت پەیجی سپی لایک بکە..



AM:10:05:07/08/2016