بارزانی چارەسەری دواكەوتنی موچەی پیشمەرگە دێرینەكان دەكات
ئەمرۆ كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان، بۆ چارەسەری كێشەی دواكەوتنی موچەكانیان سەردانی بارزانیان كرد.
بەپێی راگەیەنراوێكی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرس و ئەندامانی دەزگای باڵای ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان باسیان لە كێشە و گرفتەكان و باری خراپی ژیانی پێشمەرگە دێرینەكان كردووە، هەروەها داوایان كردووە بارزانی خەمیان لێ بخوات و حسابێكی تایبەت و دادپەروەرانە بۆ خەبات و ماندووبوونی پێشمەرگە دێرینەكان بكرێت، گوزەرانیشیان باشتر بكرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بە مەبەستی رێكخستنی مووچە و داواكارییەكانیان باس لە پێكهاتنی لیژنەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچوون و جێبەجێكردنی بڕیارەكان كرا.
لە بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا شاندی هاوبەشی دەزگای باڵای ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان پاڵپشتیی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەكەی بارزانی و چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
مەسعود بارزانی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە دێرینەكان دەربڕی و پشتیوانیی خۆیشی بۆ داواكاری و مافەكانیان راگەیاند. هەروەها باسی لە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و چارەكردنی قەیرانی سیاسی و هەروەها ئاییندەی كوردستان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراقدا كرد و رۆشناییشی خستە سەر هەنگاوەكان بۆ سەربەخۆیی و پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان.
PM:04:19:07/08/2016