کەسی سەر بەخزمەت لەلایەن هەرێمەوە رادەستی حکومەتی تورکیا نەکراوە

هەرچەندە میدیایەکی تورکیاو هەندێک میدیای کوردی بڵاویان کردەوە " نورەدین ئایتوغ " کە بەرپرسی کاروباری عێراقە لە رێکخراوەکەی فەتحوڵا گوڵان لەلایەن هەرێمەوە رادەستی تورکیا کراوە، بەڵام خزمەت لە هەرێم ئەو هەواڵە بەدرۆ دەخاتەوە.

سەرچاوەیەک لە قوتابخانەکانی خزمەتەوە لە هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە سپی راگەیاند" نورەدین ئایتوغ سەر بە قوتابخانەکانی خزمەت لەکوردستان نییەو ئەو کەسە کۆن لە بانکی بەرەکە لە تورکیاو دواتر لە لقی کوردستانی بانکی ئاسیا کاری کردووە".

سەرچاوەکەی قوتابخانەکانی خزمەتی سەر بە فەتحوڵا گوڵان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لەم دوایەدا بانکی ئاسیا لە تورکیا لەلایەن حکومەتەوە داخراوە، لقەکەشی لە هەرێمی کوردستان داخراو دەستگیرکردنی ئەو "نورەدین ئایتوغ" یش لەو چوارچێوەیەدایە.
   
سایتی (ئێن سۆن خەبەر)ی تورکی بڵاویکردەوە، (نورەدین ئایتوغ) کە بەرپرسی کاروبارەکانی عێراقە لە رێکخراوەکەی فەتحوڵا گولەن لەلایەن "دەسەڵاتدارانی باکوری عێراقەوە" لە خاڵی سنوری خابورەوە سنورداش کراوه‌ و دەستبەجێ لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە دەستگیرکراوە.

بە گوێرەی هەواڵەکە ئایتوغ کاری بۆ ئەوە کردوە کە ئەندامانی رێکخراوەکەی گولەن بپەڕنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە دەستگیرکراوە و سنورداش کراوە.



PM:01:53:08/08/2016