"لەخانەقین پۆلیسێک نەقڵم بکەم، بارزانی دێتە سەرخەت، بەڵام ئاگای لە مووچەی پێشمەرگە نییە"

ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، مەحمود سەنگاوی لەسەر دواکەوتنی مووچەی مانگانەی پێشمەرگە دێرینەکان رەخنەی توند لە بارزانی دەگرێت و دەڵێت" بە پێشمەرگەیەكی دێرینم وتووە، بڕۆ ڕێگە لەتانكەرە نەوتەكان بگرە با مەسڵەحەتەكانیان بكەوێتە خەتەرەوە، ئەوسا دێنە سەرخەت".

 لە مەراسمی پەردەلادان لەسەر وێنەی شەهید (حەمە ئاخە )،كە لە ناحیەی شۆڕشی سەربە شارۆچكەی چەمچەماڵ بەرێوەچوو، مەحمود سەنگاوی، وتی" حكومەت و دەسەڵاتی هەرێم بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە دێرینەكانە، ناكرێت بوترێت ئاگاداری پێشمەرگە دێرینەكان نین".
 
وتیشی " ڕووی گلەییم دەكەمە حكومەتی هەرێم و جەنابی كاك مەسعود، كە دەڵێت ئاگام لێ نییە پێشمەرگە دێرینەكان موچەیان نییە، حەقوایە بزانرێت كە دنیا ئەوەندە بچوك نییە خەڵك بەو قسانە باوەڕبكات، نەخێر وانییە من لەخانەقین پۆلیسێكی پارتی نەقڵ بكەم دێنە سەرخەت ئەی بۆ ئاگایان لەو پێشمەرگە دێرینانە نییە كە هەریەكەیان  (٣٠ بۆ ٤٠) ساڵ تەمەنیان لەشاخ بەسەربردووە، بۆ ئەوەی ئەم ئازادییە بە دیبێت و من و كاك مەسعود و كاك مەسعودەكان پادشای ئەم وڵاتەبین".

 سەنگاوی لەو وتارەیدا داکۆکی لە پێشمەرگە دێرینەکان کردو جەخت لەسەر مافەکانیان کردەوە.



PM:10:34:11/08/2016