پەرلەمانتارێكی گۆڕان: گۆڕینی پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە گرفتی یاسایی هەیە

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان پێیوایە دەستاودەستكردنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە لەنێوان یەكێتی‌و گۆڕان گرفتی یاسایی هەیە.

ئەندازیار عمر حاج عنایت لەوتارێكدا دەنوسێت: بە پێی رێكەوتنەكەی نێوان یەكیەتی بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 19ئابی 2014 دوا وادەی بەڕێزان دكتۆر ئاسۆ فەرەیدون (پارێزگاری سلێمانی) و ئەندازیار عبدالله نەوڕۆڵی (پارێزگاری هەڵەبجەیە) دوای ئەم وادەیە پێویستە هەردو بەڕێز دەس لەكار بكێشنەوە (و بەڕێز دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر) ببێتە پارێزگاری سلێمانی و كەسێكی دی سەر بە یەكیەتی ببێتە پارێزگاری هەڵەبجە.

هەروەها دەنوسێت:  بە پێی لێدوانی بەرپرسانی هەردولا هیچ كێشەیەك نیە بۆ دەستاودەست كردنی ئەم دو پۆستەو چەندین پۆستی دی كە لەو رێكەوتنەدا ئاماژەی پێدراوە، بەڵام لەروی تەكنیكی و یاساییەوە ئەم گرفتانە دێتە رێی.

دەقی وتارەكە بخوێنەرەوە:


پاریزگای سلێمانی و هەڵەبجە و دەستاودەست كردنی دەسەڵات
بە پێی رێكەوتنەكەی نێوان یەكیەتی بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 19ئابی 2014 دوا وادەی بەڕێزان دكتۆر ئاسۆ فەرەیدون (پارێزگاری سلێمانی) و ئەندازیار عبدالله نەوڕۆڵی (پارێزگاری هەڵەبجەیە) دوای ئەم وادەیە پێویستە هەردو بەڕێز دەس لەكار بكێشنەوە (و بەڕێز دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر) ببێتە پارێزگاری سلێمانی و كەسێكی دی سەر بە یەكیەتی ببێتە پارێزگاری هەڵەبجە، دانان و لادانی هەر پارێزگارێك بە پێی بڕگە و مادەكانی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارە (3) ی ساڵی 2009 دەبێت، بە پێی لێدوانی بەرپرسانی هەردولا هیچ كێشەیەك نیە بۆ دەستاودەست كردنی ئەم دو پۆستەو چەندین پۆستی دی كە لەو رێكەوتنەدا ئاماژەی پێدراوە، بەڵام لەروی تەكنیكی و یاساییەوە ئەم گرفتانە دێتە رێی جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە بەم شێوەیە:
1-    لە یاسای ژمارە 3ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا، هیچ مادە و بڕگەیەكی تێدا نیە كە باس لە دەسلەكاركێشانەوەی پارێزگار بكات
2-    بە پێی بڕگەی 3 لە مادەی 6ی یاسای پارێزگاكان، ئەنجومەنی پارێزگا بە دەنگی زۆرینەی رەها، پارێزگار هەڵدەبژێرێ، بە پێی ئەم بڕگەیە چەند گرفت بۆ ئاڵوگۆڕەكە دێتە پێشەوە، بەم شێوەیە:
-    پارێزگای هەڵەبجە ئەنجومەنی نیە، تا بتوانی پارێزگای نوێ هەڵبژێرێ
-    ئەگەر بە دامەزراندنیش بێت، پێویستی بە مەرسومی هەرێمی هەیە، وەك ئەوەی بۆ دامەزراندنی بەڕێز (عبدالله نەورۆڵی) دەرچوو، بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا پۆستی سەرۆكی هەرێم بە بەتاڵ(شاغر) ئەبینێ، بە پێی رێكەوتنەكەی نیوان گۆڕان و یەكیەتیش پێویستە یەكیەتیش هەمان هەڵوێستی هەبێت.
-    بە پێی بڕگەی 3 مادەی هەژدەی هەمان یاسا بۆ دامەزراندنی پارێزگار، پێویستە پاش ئەوەی لە ئەنجومەنەوە بە زۆرینەی رەها هەڵدەژێرێ، مەرسومێكی هەرێمی بۆ دەرچێت، ئەمەش هەمان كۆسپ بۆ پارێزگاری نوێ دروستدەكات، بەهۆی بەتاڵی پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە
-    لە هەموی خراپتر، لە هیچ بڕگەیەكی یاساكەدا نەهاتوە، ئەگەر پارێزگار وازیهێنا كێ شوێنی دەگرێتەوە، بەڵام لە بڕگەی یەك مادەی 20دا هاتوە( یەكێك لە جێگرەكانی ماوەی ئامادەنەبونی  بۆ ئەنجامدانی ئەركەكەی جێی دەگرێتەوە )
لێكدانەوەی ئەم بڕگەی زۆر هەڵدەگرێ و بە پێی ئەم دەقە بێت كە (مشرع) دایناوە ئەم جێگرتنەوەیە بۆ ماوەی كاتیە وەك(نەخۆشی كورت خایەن، سەفەر، مۆڵەتی ئاسایی....هتد) بە هیچ شێوەیەك جێگرتنەوەی درێژخایەن ناكات وەك نەخۆشی دور مەودا یا وازهێنا
-    بە پێی بڕگەی 2 لە مادەی 20 یاساكە چارەسەری نەخۆشكەوتنی پارێزگاری كردوە، لە كاتێكدا بەهۆی نەخۆشی نەتوانێ ئەركەكانی جێبەجێ بكات كە تێیدا هاتوە(لە بارێكدا كە پارێزگار نەتوانێ‌  ئەركەكانی راپەڕێنێت بەهۆی هۆی تەندروستی بۆ ماوەیەك لە 3 مانگ زیاتر بێت ئەوا خانەنشین دەكرێت و پێویستە لەسەر ئەنجومەن، پارێزگارێكی نوێ بە هەمان ئەو شێوازەی لەم یاسیەدا هاتووە، هەڵبژێرن و تا كاتی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێش یەكێك لە جێگرەكانی بە كارەكانی هەڵدەسێت).
بە پێی ئەم یاسایە بێت، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ناتوانێ پڕۆسەی دەسلەكاركێشانەوەی دكتۆر ئاسۆ فەریدون پەسەند بكات چونكە لە هیچ بڕگە و مادەیەكدا باس لە (استقالە) نەكراوە، ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگا پڕۆسەی دەنگدان لەسەر بە پارێزگار بونی دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەنجام بدات ناتوانێ‌ هەڵیپەسێرێ، چونكە لە یاساكەدا هاتوە ئەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا فەرمانی هەرێمایەتی پێدەرچێت (مەرسومێكی هەرێمی بە دامەزراندنی پارێزگار دەردەچێ لە ماوەی 15 رۆژ لە مێژوی هەڵبژاردنیەوە لە ئەنجومەن) واتە ئەمە (تحصیل حاصلە).
بەداخەوە زۆربەی ئەو یاسا و بڕیارانەی كە لە خولەكانی پێشو دەرچون پڕِن لە كەموكورتی كەند و كەلێن و سەرجەمیان پێویستیان بە هەمواركردن هەیە، وەك ئەو كێەشەیەی كە لە یاسای ژمارە (1) ی سەرۆكایەتی هەرێم هاتوو ئەنجومەنی شورا شیكردنەوەیەكی ناراستی بۆ كرد، بۆیە گرنگە هەردولا یەكیەتی بزوتنەوەی گۆڕان پێش بڕیاردان لەسەر ئەم ئاڵوگۆڕە بە وردی دیڕاسەی ئەم یاسایە و پڕۆسەكە بكەن

ئەندازیار عمر حاج عنایت
ئەندامی پارلەمانی كوردستان
20/ئابی/2016



PM:01:30:20/08/2016