36 كەس بەتاوانی كۆمەڵكوژی سپایكەر لەسێدارەدران

ئەمرۆ یەكشەممە 36 كەس بە تاوانی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی سپایكەر لە گرتوخانەی ناسریە لەسێدارەدران.

وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند ئەو تاوانبارانە پێشتر بڕیاری لەسێدارەدانیان لەلایەن سەرۆککۆماری عێراق واژۆی لەسەر کرابوو.

سەرچاوەیەک لە گرتووخانەی ناسرییەی ناوەندی بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە "جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە ئامادەبوونی حەیدەر زاملی، وەزیری دادی عێراق بووە و نوێنەرانی حکومەتی خۆجێیی ناسرییە و کەسوکاری قوربانیانی سپایکەریش ئامادەبوون".

رۆژی 12ی حوزەیرانی 2014 ، لە ئەكادیمیای بنكەی سەربازی سپایكەر، 1700 سەربازی بەشداربووی خولێكی سەربازیی دوای ئەوەی مۆڵەتی پشوویان پێدرا و بەبێ چەك لە سەربازگەكەیان هاتنە دەرەوە، بەشی هەرەزۆریان لەلایەن چەكدارانی داعش گیران و بەكۆمەڵ گوللەبارانكران.

تەرمی هەندێك لەو سەربازانەش لەلایەن چەكدارانی داعش خرایە نێو رووباری دیجلە. بەپێی ئامری وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق، ژمارەی قوربانییەكانی گوشتارگەی سپایكەر 1566 كەسە.



PM:12:59:21/08/2016