بۆ پرسی پارێزگاری سلێمانی سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی‌و گۆڕان کۆدەبنەوە

وا بڕیارە ئەمڕۆ بۆ کێشەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگای سلێمانی لە نێوان یەکێتی و گۆڕان، سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان ئەو دوو لایەنە لە سلێمانی کۆببنەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند" دوای سێ رۆژ لە گفتوگۆ و پڕ کێشمە کێشی سیاسی و یاسایی، بڕیارە ئەمڕۆ سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی کۆببنەوە.

وا بڕیار بوو رۆژی ٨/٢١ ئاڵوگۆڕی هەردوو پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە بەپێی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان کە دوو ساڵ لەمەوبەر ئەنجامدرا، ئەنجام بدرێت، بەلام لەساتەکانی کۆتایی شەوی ٨/٢٠ یەکێک لە بەرپرسەکانی یەکێتی پەیوەندی دەکات بە هەڵسوڕاوانی گۆڕانەوەو دەڵێت" سبەی ٨/٢١ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاری سلێمانی بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە ئەنجام نادرێت، چونکە کێشەی یاسایی تیایە".

دواتر رۆژی ٨/٢١ لاهور شێخ جەنگی چاوی بە نەوشیروان مستەفا دەکەوێت و باس لەو پرسە دەکەن، بەلآم نەوشیروان مستەفا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئەو ئاڵوگۆڕە بکرێت، ئەگەر نەکرێت، هەموو ئەو رێککەوتنەی لە نێوانیاندایە هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی لەسەر دەبێت، ئەو رۆژە هەندێک ناوەندی یەکێتی هەوڵیان دا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆببنەوەو پرۆسەکە ئەنجامبدرێت، بەلآم بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی سەر بە یەکێتیەوە، کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا و دواخرا بۆ رۆژی پێنج شەممە".

ئەمڕۆش کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان یەکێتی و گۆڕان سازدەکرێت، بۆ رێککەوتن لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەگەر هەردوو لایەن گەیشتنە رێککەوتن کۆبوونەوەی پێنج شەممە سازدەکرێت، ئەگەر نا ئەوا رێککەوتنەکە رووبەرووی کێشەی گەورەو دەبیتەوەو ئەگەر هەڵوەشانەوەی نزیک دەبێت.


AM:09:32:23/08/2016