د. یوسف: پەرلەمانی عێراق كە 12 ساڵ لەپەرلەمانەكەی ئێمە ساواترە، پێشمان كەوت

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، د. یوسف محەمەد لە یاداشتێكدا پاش دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبۆنەی لێپرسینەوە لەوەزیری بەرگری، دەڵێت پەرلەمانی عێراق پێش پەرلەمانی كوردستان كەوت.

لەیاداشتەكەدا هاتووە: دەستخۆشی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە سەرەڕای هەمو فشارەکان، ئەمڕۆ پڕۆسەی حوکمڕانیی عێراقیان زیاتر بەرەوپێش برد. هەروەها دەستخۆشی و ماندونەبونی زۆر بۆ برای ئازیزمان کاک ئارامی شێخ محەممەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە ماوەی ڕابردودا، زۆر سەرکەوتوانە پڕۆسەی پرسینەوەی لە وەزیری بەرگریی عێراق بەڕێوە برد.
هەروەها دەنوسێت:  بڕوانن عێراق لە ناو گەرمەی شەڕی گروپی تیرۆریستیی داعشە، ئامادەکاری بۆ شەڕی رزگارکردنی موسڵ لەسەرئاستی نێودەوڵتی بەڕێوە ئەچێت، هێزە عێراقیەکان سەرەڕای ئەوەی هەمویان لە حکومەت بەشدارن و هەر سێ دەسەڵاتەکە بە بەشبەشێنە و سازان بەڕێوە ئەچن، سەرەڕای ناڕەزایی حکومەت و هەندێک لەم هێزە سیاسیانە، سەرەڕای ناڕەزایی و داواکاریی هەندێ لە سەفارەتە کاریگەرەکان لە بەغدا بۆ دواخستنی پرسینەوەکە، وەزیری بەرگریی عێراق کە کۆڵەکەی سەرکیی شەڕی دژی داعشە، لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە متمانەی لێسەندرایەوە و، دونیاش خەراب نەبو.  ئەویش نە کودەتای کرد و نە پەرلەمانی داخست و، داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق کرد و، بەژێر لێوەوە هەندێ بۆڵەبۆڵی کرد و، ماڵاوایی ئەکات.

د. یوسف لەیاداشتەكەدا دەڵێت: شەڕی ئێمە لە کوردستان بۆ سەرپێخستنی پەرلەمانێکی ئاوا بوو کە نەچێتە ژێر کاریگەریی هیچ فشارێکەوە. پەرلەمانتار و سەرۆکایەتیەکەی کە هەڵبژێردراوی گەل و نوێنەری ڕاستەقینەینی، خاوەنی بڕیاری کۆتایی پەرلەمان بن. بە ئەمانەتەوە چاودێری وردی حکومەت بن و، یاسا دەربکەن و، چاودێریی جێبەجێ کردنی بکەن. بەڵام لە پێناو هێشتنەوەی سەرۆکێکی ناشەرعی و ماوە بەسەرچو بە بیانوی شەڕی داعش و، بۆ پەکخستنی پڕۆسەی چاودێریی حکومەت کە گەیشتە پرسینەوە لە وەزیرەکان و، بۆ هێشتنەوەی قوتی خەڵک لە تاریکیدا (بە دروست نەکردنی سندوقی داهاتە نەوتیەکان) و، مەقەست لێدانی بە ناوی پاشەکەوت، پەرلەمانیان پەکخست و، ئەشیانەوێت بۆ ماوەیەکی دور و درێژ پەرلەمان بەرنەوە دۆخی کارتۆنی و بێدەنگی..

لەكۆتاییدا دەنوسێت: پەرلەمانی عێراق کە هەرچەندە ١٢ ساڵ لە پەرلەمانەکەی لای ئێمە ساواترە!! بەڵام لە سایەی ئەم دەستەبژێرە دسەڵاتدار و بازرگان و گەندەڵەی ئێرە، بە چەندین شەقاو، پێشمان کەوت.



AM:11:00:26/08/2016