هەیسەم جەبوری: پارتی فشاری خستۆتە سەر پەرلەمان تا دەنگدانی متمانە سەندنەوە لە زێباری بەئاشکرا ئەنجامبدرێت

پەرلەمانتاری عێراق، هەیسەم جەبوری کە پرسیاری کەموکوڕییە داراییەکانی ئاراستەی هۆشیار زێباری کرد، ئەمڕۆ رایگەیاند" حیزبەکەی زێباری فشاریان خستۆتە سەر پەرلەمان تا دەنگدانی متمانە سەندنەوە بە ئاشکرا ئەنجامبدرێت، ئەمە لە کاتێکدا کە متمانە سەندنەوە بە وەزیری بەرگری بە نهێنی بوو". 

هەیسەم جەبوری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەوەی بیری میدیاکان خستەوە کە دەنگدانی لەسەر متمانە سەندنەوە لە عوبەیدی وەزیری بەرگری لەرێگای دەنگدانەوە بوو بە کاغەز، چونکە دەنگدانی ئەلکترۆنی هۆڵی پەرلەمان کار ناکات.

ئەو پەرلەمانتارە سەرۆکی پەرلەمانی ئاگادار کردەوە کە نابێت دەنگدان بە ئاشکرا بێت، چونکە" ئەو دەنگدانە گومان دروست دەکات".

جەبوری دەڵێت" پارتی لە ڕێگای باڵوێزخانەی ولآتانەوە فشاریان خستۆتە سەر پەرلەمان تا متمانە لە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی نەسێندرێتەوە".

دوو رۆژە وەفدی حکومەتی هەرێم کە تێکڕایان لە پارتی دیموکراتی کوردستانن بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لەبەغدان و دوێنی لەگەڵ عەبادی و باڵوێزی ئەمەریکاو حەکیم کۆبوونەوە، ئەمڕۆش سەلیم جەبوری و فواد مەعسوم و چەند بەرپرسێکی تری عێراقیان بینی.




PM:12:58:30/08/2016