ناوەندی بڕیاری یەكێتی دووەم راگەیاندنی بڵاوكردەوە

ئەمرۆ ژمارەیەك لە ئەندامانی  ناوەندی بڕیاری یەكێتی  لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتییەكانی سلێمانی، گەرمیان و پشدەر كۆبوونەوە‌و سەبارەت بارودۆخی هەرێمی كوردستان‌و یەكێتی گفتوگۆیان كرد.

بەپێی راگەیەنراوێكی "ناوەندی بڕیاری یەكێتی"، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 3-9-2016 د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بەئامادەبوونی حامیدی حاجی غالی و عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی لەهۆڵی شازاد سائیب لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی كۆمەڵایەتی و نوێنەرانی چین و توێژەكانی ناوچەكانی سلێمانی، گەرمیان و پشدەر كۆبووەوە.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "لەكۆبوونەوەكەدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی و حاكم قادر حەمەجان، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی لە بەشێكیدا ئامادەبوون".

لە كۆبوونەوەكەدا كۆسرەت رەسوڵ، د. بەرهەم ساڵح و حاكم قادر گوتەیان پێشكەشكردووە و "دۆخی هەرێمی كوردستان و گوزەرانی خەڵكی كوردستانیان باسكردووە"، ئاماژەیان بەوەشكردووە "خەڵكی كوردستان سەرباری شەڕی تێشكشاندنی تیرۆریستانی داعش، قەیرانی دارایی گوزەرانیانی شێواندووە و رووبەڕووی گرفتی زۆر بوونەتەوە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە پەلە بكرێت لە چارەسەركردنی قەیرانی دارایی".

هەروەها هاتووە "دۆخی ناوخۆیی رێكخراوەیی یەكێتی باسی لێوەكراوە و جەخت لەوە كرایەوە، كە پێویستە بە گفتوگۆی هەڤاڵانە تێكڕای كێشەكان چارەسەربكرێن و یەكێتی بە وزە و بەرنامەیەكی تازەوە درێژە بەكاروانی خەباتی بدات و هەمووان لە بڕیاردان و راپەڕاندنی ئەركەكاندا وەك یەك بەشداربن".

هەر لە كۆبوونەوەكەدا شێخ دلێر شێخ مستەفا، بەناوی ئامادەبووانەوە گوتەیەكی پێشكەشكرد و داوایكرد، "یەكێتی رۆڵی مێژووی و نیشتمانی خۆی بگێڕێ‌ت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دەربازكردنی خەڵكی كوردستان لەو گوزەرانە نالەبارەی تووشی بووە".

شێخ دلێر شێخ مستەفا داواشیكردووە "یەكێتی وەك حیزبی شەهیدان و تێكۆشەرانی كوردایەتی لە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی كوردستاندا رۆڵی راستەقینەی خۆی بگێڕێت‌ و داواشیكرد یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزرێت و بەگفتوگۆی هەڤاڵانە كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی چارەسەر بكرێت".



PM:03:21:03/09/2016