نەوشیروان مستەفا: تاقەتی چەلەحانێم نەماوە

دەربارەی یەکگرتنی هەر دوو باڵەکەی یەکێتی و گۆڕان بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا لە حیزبێکدا، یان بەرەیەکدا، نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو تاقەتی " چەلەحانێی نی یە".

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند لە نێو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرکردایەتی و کوادیری خوارەوەی ئەو حیزبە خواستێک هەیە کە هەریەک لە باڵی کۆسرەت رەسوڵ و باڵی هێرۆ ئیبراهیم لەگەڵ گۆڕان شێوە رێکخستنێک، وەک حیزبێکی فرە مینبەر، یان بەرەیەکی سیاسی کۆیان بکاتەوەو هەموویان نەوشیروان مستەفا وەک براگەورە تەماشا بکەن، بەڵام نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا نییەو لای هاوڕێ نزیکەکانی خۆی وتوویەتی " من تاقەتی چەلەحانێم نی یە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە نەوشیروان مستەفا زیاتریش لەو بارەیەوە قسەی کردووەو وتوویەتی " من تازە تاقەتی چەلەحانێکردنم نییە لەگەڵ کەسانی وەک مەلا بەختیارو ئەرسەلان بایز و ئازاد جوندیانی دا، پێیان بڵێم بۆ ئەمەتان کردووەو بۆ ئەو کارەتان نەکردووە".

هەفتەی رابردوو رۆژی ٨/٣٠ ژمارەیەک لە بەرپرسانی نێو باڵی کۆسرەت رەسوڵ، لەوانە شێخ جەعفەر مستەفاو مەحمود سەنگاوی و قادر حەمەجان و چەند بەرپرسێکی تری ئەو باڵە لە سەردانێکیاندا بۆ لای نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لەمیانەی قسەکانیاندا داوایان لێکردووە کە ئەویان قبووڵە وەک برا گەورە سەرۆکایەتی هەر دوو باڵی نێو یەکێتی و گۆڕان بکات".

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەو رۆشتنی ئەوان، نەوشیروان مستەفا لەگەڵ هاوڕێکانی خۆیدا لە گۆڕان باسی لەوە کردووە کە ئەو " تاقەتی ئەو چەلەحانێیەی نییە".

نەوشیروان مستەفا ساڵی ٢٠٠٤ سەرۆکایەتی باڵێکی کرد بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی تاڵەبانی و ژمارەیەک لەم بەرپرسانەی ئێستای باڵی کۆسرەت رەسوڵ واژوویان لەسەر ئەو یاداشتە کرد کە ئاراستەی تاڵەبانی کرد، بەڵام دواتر لێی پاشگەزبوونەوە، پاشان کە لەساڵی ٢٠٠٧ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە یەکێتی راگەیاندو کۆمپانیای وشەی دروستکرد کەس لەو بەرپرسانەی ئێستای یەکێتی دوای نەوشیروان مستەفا نەکەوتن، تەنها باڵی ریفۆرم نەبێت کە ئێستاش لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندان. 

رۆژی ٩/٣ نەوشیروان مستەفا سەردانی دەرەوەی وڵاتی کردو بەپێی لێدوانی بەرپرسەکانی گۆڕان چەند هەفتەیەک لەدەرەوە دەبێت.  



PM:08:10:05/09/2016