" نەوتی کەرکوک بەبێ ئاگاداری حکومەت و پارێزگاری سلێمانی دەفرۆشرێت"

سەرۆكی‌ لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان رایگەیاند "بەبێ‌ ئاگاداری حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای‌ سلێمانی نەوتی كەركووك هەناردەی ئێران دەكرێت و داهاتەكەشی دیار نییە".

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک شێركۆ جەودەت سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەکان رایگەیاند "بەبێ‌ ئاگاداری حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای‌ سلێمانی، نەوتی كەركووك هەناردەی ئێران دەكرێت و داهاتەكەشی دیار نییە، لە بەدواداچوونمان دەركەوتووە ئەو بڕە نەوتە هەناردەی‌ ئێران دەكرێت لەلایەن چەند كەس و كۆمپانیایەكەوەیە لە سنووری‌ یەكێتی نیشتیمانی کوردستان".

دكتۆر شێركۆ جەودەت وتیشی" هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتە بە رەزامەندی كۆمپانیاکانی نەوتی باكوور و حكومەتی عێراق ئەنجامدەدرێت، رۆژانە 30 هەزار بەرمیلە و داهاتەكەشی‌ مانگانە 30 ملیۆن دۆلار دەكات، كە كەس نازانێت دەچێتە گیرفانی‌ كێ‌".

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە "هەمان بڕە نەوتی كەركووك بۆ پاڵاوگەیەكی نایاسایی شارۆچكەی دووكان بەڕێدەکرێت و داهاتەكەش بۆ چەند كەسێكە، بە هەردوو مامەڵەكە مانگانە 60 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی كەركووك بۆ چەند كەسێك دەڕوات".


 



PM:04:54:07/09/2016