شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: چیتر پارتی بۆی نییە نەوتی کەرکوک حەپەلووش بکات

شاناز ئیبراهیم بەرپرسی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر نامەکەی هێرۆ ئیبراهیم خووشکی دەربارەی نەوتی کەرکوک، دەڵێت" چیتر پارتی بۆی نییە نەوتی كەركوك حەپەلووش بكات‌و بڵێت (پۆرە نییە)".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت" بەهیواین نوقتە بۆ زۆرێك لەدێرە بێ سەروبەرەكانی تریش دابنێت، كە مەبەستی هێرۆ ئبراهیم ئەحمەدەو جەختیشكیدرووەتەوە "ئەوەی خەڵكی كوردستان‌و یەكێتییەكان داوایان ئەكرد دادە هێرۆ كردی، كە چیتر پارتی بۆی نییە نەوتی كەركوك حەپەلووش بكات‌و بڵێت (پۆرە نییە)".

شاناز ئیبراهیم هۆشداری دەدات بە پارتی دیموكراتی كوردستان و دەڵێت" لەئەگەری ڕانەگرتنی فرۆشتنی نەوتی كەركوك ڕێكاری تر دەگرنەبەر".

ناوبراو پشتی خووشکەکەی دەگرێت و دەڵێت "دادە هێرۆ لەخەمی كەركوكییەكاندا لەنامەیەكدا، كە ئاراستەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووەو مۆڵەتی پێنج ڕۆژی بۆ داناوە، كە فرۆشتنی نەوتی هاڤاناو بای حەسەن لەكەركوك ڕابگرێت، چونكە داهاتەكەی ناشەفافەو پترۆدۆلارەكەشی ناچێتە خزمەتی كەركوكییەكان".

ئەم نووسینەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەكاتێكدایە دوو رۆژ لەمەوبەر میدیاکانی یەکێتی نامەیەكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیان بڵاوكردەوەو، لە ناوەرۆکی نامەکەدا داوا لەحەیدەر عەبادی كردووە هەناردەی نەوتی كەركوك لەرێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە رابگرن، بەپێچەوانە رێوشوێنی تر دەگرنە بەر.



AM:10:24:09/09/2016