یوسف محەمەد: من بەڕاستی مەترسی تەقینەوەی گەورە دەكەم

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە قەیرانی ئابوریی هەرێم دەڵێت "مەترسی تەقینەوەی گەورەی لێدەكەم‌و ئەم نائۆمێدییە گەورەیە ئێستا لەناو خەڵك دروستبووە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی لەداهاتوودا".

د. یوسف محەمەد لە دیمانەیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت: "کپکردنی پەرلەمان و داخستنی پەرلەمان بۆ داخستنی ئەو پڕۆسەیە بوو کە پەرلەمانی کوردستان شکڵی لەسەر دەگرت، ئەویش نوێنەرایتیکردنی راستەقینەی خەڵکی کوردستان بوو".

هەروەها دەڵێت "پەرلەمان کاری بۆئەوە دەکرد بۆ پەسەندکردنی یاسای سندوقی داهاتی نەوت و گازییەکان، دوائەوەش هەوڵدان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری سامانە سروشتییەکان، پەکخستنی پەرلەمان بۆ ئەمە بوو".

لەپرسیارێکماندا سەبارەت بەوەی کە بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی و یەکگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامی لە حکومەت و پەرلەمان ناکشێنەوە؟ لەبەشێک لەوەڵامەکانیدا دکتۆر یوسف دەڵێت "ئیتر خەڵکی کوردستان پرسیاری ئەوەیان لێدەکات کە بەشدارن لە حکومەتدا، ئایا ئاگاداری نەوتن؟ وە ئەگەر ئاگادارن چۆنە ئەمە؟ ئایا تەحەمولی بەرپرسیارێتی بڕینی موچەی خەڵک و دەستکاریکردنی موچە بەناوی پاشەکەوتەوە دەکەن یان نا؟"

هەروەها دەڵێت "خەڵکی کوردستان پڕ بوون و چاوەڕێی هەڵوێستی جیدی دەکەن لەهەموو لایەک".
سەبارەت بە شکستی رایگشتی و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و تاوانبارانی ئابوری د.یوسف محەمەد دەڵێت "لەئەنجامی هەبوونی پەرلەمانەوە، رەنگدانەوەی رایگشتیمان دەبینی لەسەر سیستمی حوکمڕانی لەسەر هەرێمی کوردستان".

د. یوسف هەروەها دەڵێت: "لاوازی دادگاکانی ئێمەو نەبوونی سەروەری یاساو نەبوونی دەسەڵاتی یاسا بەسەر بەشێک لە نوخبەی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستاندا کە ئەمە وایکردووە کەمجار ببینین خەڵکانی باڵادەست بچنە بەردەم پەرلەمان، بچنە بەردەم دادگاکان و سزای یاسایی بدرێن".

سەبارەت بەو قەیرانە ئابورییە سەختەی کە خەڵک دووچاری بۆتەوە؛ سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت "من بەڕاستی مەترسی تەقینەوەی گەورەی لێدەکەم، ئەم نائومێدییە گەورەیەی کە ئێستا لەناو خەڵکی کوردستاندا دروستبووە؛ نائومێدی لەڕووی سیاسی، ئابوری، هەندێجار لەڕووی ئەمنی، نائومێدی لەڕووی کۆمەڵایەتی، هەموو ئەمانە تێکڕا بوونە قەیرانی قوڵ، ئەبنە هۆی هێنانە کایەی ناسەقامگیری لەداهاتوودا".



PM:02:34:10/09/2016