بە ڤیدیۆ..نەجمەدین کەریم: هەرێم دزی لەنەوتی کەرکوک ناکات

پارێزگاری کەرکوک، نەجمەدین کەریم دەڵێت " ئەگەر خەڵک وا دەزانن کە هەرێمی کوردستان نەوتی کەرکووک دەردەهێنێتە دەرەوە و دەیفرۆشێت و ئەمە هەرێم دزی لە کەرکووک دەکات، ئەمە ڕاست نییە".

ماوەیەک لەمەوبەر لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ دەنگی ئەمەریکا، د. نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک دەڵێت" لەوەتەی بەغدا هەیە و نەوتی کەرکووک دەردەهێنێت، بردویەتی و بۆ مەبەستی خۆی و کوشتنی خەڵکی کەرکووک و کوردستان بەکاری هێناوە".
  
پارێزگاری کەرکووک ئەوە ئاشکرا دەکات کە هەرێمی کوردستان بڕە پارەیەکی زۆر بۆ مووچەی چەند توێژێکی کەرکووک دەنێرێت و دەشڵێت ”ئەوانەی دەڵێن هەرێمی کوردستان نەوتی کەرکووک دەدزێت، ڕاست نییە".
 
لەو تۆمارە ڤیدیۆیەدا، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، سەبارەت بەو پارەیەی مانگانە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەرکووک دەنێردرێت، گوتوویەتی: ”پێشمەرگە و ئاسایش لە کەرکووک، لەگەڵ زیاتر لە 8 هەزار مامۆستای خوێندنی کوردی لە کەرکووک و پێشمەرگە دێرینەکان و کەسوکاری شەهیدان، هەموویان مووچەکانیان لە هەرێمی کوردستان وەرەگرن کە قورساییەکی زۆرە لە ڕووی ئابوورییەوە لەسەر هەرێمی کوردستان".
 
جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ”ئەگەر یەکێک بڵێت هەرێمی کوردستان هیچ بۆ کەرکووک ناکات، ئەوە غەدرە و ناهەقییە".
 
سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: ”ئەو ماوەیەی هەرێمی کوردستان نەوتی کەرکووکی دەرهێناوە لە کێڵگەکانی (بای حەسەن و ئاڤانا)، ڕێککەوتووین کە مانگانە مافە داراییەکانی کەرکووک (پەترۆ دۆلار) بە کەرکووک بدرێت و تائێستا بەڵێنەکەیان بەجێ گەیاندووە". دووپاتیشی کردووەتەوە: ”هەموو خەڵکی کوردستان دەبێت ئەوە بزانن، ئەم هەموو ساڵانەی عێراق نەوتی دەرهێناوە تا هاتنی داعش، کەرکووک هیچ بڕیارێکی نەبووە، حکوومەتی عێراق بە پێچەوانەی دەستوور، بەهیچ شێوەیەک ڕاوێژی بە کەرکووک نەکردووە کە چی بکرێت، تائێستاش بە دەیەها و سەدەها کەس لە بەغداوە بۆ کۆمپانیای نەوتیی باکوور دادەمەزرێت، بەڵام نەتەوەی کوردی زۆر کەم تێدایە و ٧٪ کەمترە".




 



PM:07:02:11/09/2016