ئایا پارتی بۆ پاراستنی بیرە نەوتەكان هێزی رەوانەی كەركوك كردوە؟

فەرماندەی پۆلیسی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەكان رەتیدەكاتەوە پارتی بۆ پاراستنی بیرەنەوتەكانی كەركوك هێزی رەوانە كردبێت‌و هێزێكی یەكێتیش رێگری لێكردبێت.

پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پاراستنی بیرە نەوتییەكانی كەركوك شەوی رابردوو هێزێكی رەوانەی ناوچەی ئاڤانە‌و دوبز كردوە، بەڵام لەلایەن هێزێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە رێگری لێكراوە، فەرماندەی پۆلیسی پاراستنی دامەزراوە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان، ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە.

لیوا بەختیار بابان، فەرماندەی پۆلیسی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی وتووە: "ئێمە هیچ هێزێکمان بۆ ئەو ناچەیە نەناردووە، ئەو زانیاریانە راست نین و درۆیەو دروستکراوە، نیازی خراپی لە پشتەوە هەیە".

بەگوتەی فەرماندەی پۆلیسی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان "ئەو ناوچانەی کە ئێستا هێزەکانی پاراستنی دامودەزگا نەوتیەکانی لێیە، ماوەی دوو ساڵ و نیوە پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان، پارێزگاری لە وێستەگەکان و بیرە نەوتییەکان و بۆرییەکانی لە ئەستۆدایە، ئەو هێزەی لێیەتی زۆر بە سەرکەوتوویی توانیویەتی ئەرکەکانی بەڕێوە ببات و پێویستی بە هیچ هێزێکی دیکە نییە بۆی بنێردرێت".



PM:01:26:14/09/2016